لە هەرێمی کوردستان کێشە بۆ کارەبای نیشتمانی دروستدەبێت؛ 'چارەسەر نەکرێت 70%ی کارەبا دەکوژێتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە بەهۆی "پەستانی گازەوە" لە کێڵگەی کۆرمۆر، کێشە بۆ کارەبای نیشتمانی لە تەواوی هەرێمی کوردستان دروستبووە. کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی دەڵێت، کێشەکان چارەسەر نەکرێن "70%ی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکوژێتەوە." وەزارەتی کارەباش دەڵێت، کێشەکە "تەکنیکییە" و لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان.
غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی پەستانی گازەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر ناچار بووین یەکە یەکە، یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکوژێنینەوە."
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی گوتیشی، "کێشەکان لەلایەن تیمی دانەگازەوە زوو چارەسەر نەکرێن 70%ی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکوژێتەوە."
بە گوتەی غالب محەممەد، بەهۆی کێشەکەوە کوژانەوەی تەواو لە هەرێمی کوردستان روونادات. گوتیشی، "زۆرینەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە گاز بەرهەم دەهێندرێت و سەرچاوەی سەرەکیش کێڵگەی کۆرمۆرە، کەمێک نەبێت لە خورمەڵەوە دابین دەکرێت."
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ لە كۆمپانیای دانەگاز بە هۆكارێكی نادیار كوژاندنەوەی گشتی بەهۆی دابەزینی پەستانی گازەوە روویداوە، بەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا كەمبووەتەوە و ناتوانرێت بەرنامەی دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ بكرێت."
کارەبای سلێمانی راشیگەیاند، "ئێستا زۆربەی فیدەرەكان كوژاونەتەوە، بە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەشەوە، تاوەکو ئەو كاتەی كێشەی دانە گاز چارەسەر دەبێت."
وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، کاژێر 09:00ی بەیانی دانا گاز هەناردەکردنی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە راوەستاند، بەو هۆیەوە 2000 مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوو تیمی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە رێگەی سەنتەری کۆنترۆڵی کارەباوە لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوو تیمی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە رێگەی سەنتەری کۆنترۆڵی کارەباوە لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا.
جێگەی ئاماژەیە، 30-11-2023 کارەبای نیشتمانیی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کوژایەوە و رۆژی دواتر وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، کوژانەوەی گشتی لە سیستمی کارەبای هەرێمی کوردستان روویدا."