وەزارەتی کارەبا: ئەمڕۆ دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە چوار کاژێر لە دروستبوونی کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەست بە گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی کارەبا کرا و لە ماوەی دوو کاژێری داهاتوودا، قۆناخ بە قۆناخ دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
 
پێش ئەو راگەیێندراوە، غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی پەستانی گازەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر ناچار بووین یەکە یەکە، یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکوژێنینەوە."
 
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی گوتیشی، "کێشەکان لەلایەن تیمی دانەگازەوە زوو چارەسەر نەکرێن 70%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکوژێتەوە."
 
بە گوتەی غالب محەممەد، بەهۆی کێشەکەوە کوژانەوەی تەواو لە هەرێمی کوردستان روونادات. گوتیشی، "زۆرینەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە گاز بەرهەم دەهێندرێت و سەرچاوەی سەرەکیش کێڵگەی کۆرمۆرە، کەمێک نەبێت لە خورمەڵەوە دابین دەکرێت."
 
بەهۆی کێشە تەنیکییەکەی کێڵگەی کۆرمۆرەوە، دوو هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە.
 
هاوکات سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای دانەگاز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کێشەیەکی تەکنیکی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر روویداوە و تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردنەوەین. دەشڵێت، هەوڵدەدەن بەزوویی کێشەکە چارەسەر بکەن.
 
جێگەی ئاماژەیە، 30-11-2023 کارەبای نیشتمانیی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کوژایەوە و رۆژی دواتر وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، کوژانەوەی گشتی لە سیستمی کارەبای هەرێمی کوردستان روویدا."