ئامارێکی مەترسیدار؛ ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 400 کەس بە تاوانی مادەی هۆشبەر حوکم دراون

 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی بازرگانی و بەکارهێنانی هۆشبەرەوە 1386 کەس حوکم دراون، کە 400یان ئەم ساڵ دۆسیەکانیان یەکلا بوونەتەوە. هەروەها زیاتر لە 1000 کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت لە زیندانەکانی ئاسایشدا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
 
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەمڕۆ 5476 کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا حوکمەکانیان بەسەردەبەن، لەو ژمارەیە 1386 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان یان بازرگانی بە هۆشبەرەوەیە.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 26-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەکارهێنان و بازرگانی بە هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆر زیادیکردووە و بووە بەهۆی زۆربوونی تاوانەکانیش."
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "هۆکاری زۆرینەی تاوانەکانی کوشتن، جیابوونەوەی هاوژینان و دزیکردن لە هەرێمی کوردستان مادەی هۆشبەرن."
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بە جیاوازیی رێژەی حوکمدان بە هۆشبەر لە ساڵانی رابردوو و ئەم ساڵدا کرد و گوتی، "ساڵانی رابردوو ساڵێک 50 کەس بە هۆشبەر حوکم دەدران، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا کە نەگەیشتووین بە شەش مانگ 400 کەس بەهۆی هۆشبەرەوە حوکم دراون." بەو پێیەش بێت، ئەمە ئامارێکی مەترسیدارە.
 
دەستگیرکراوان تەنیا پیاوان نین، بەڵکو مێرمنداڵ و ژنانیشیان تێدان. بەگوێرەی ئامارەکەی چاکسازییەکان، ئێستا بەهۆی هۆشبەرەوە نزیکەی 50 ژن حوکمەکانیان بەسەردەبەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئێستا هەر لەنێو چاکسازییەکاندا سەنتەری شیاندنەوەیان بۆ بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کردووەتەوە و لە کەمتر لە شەش مانگدا نزیکەی 80 بەکارهێنەریان گەڕاندوونەتەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.
 
ئەوانەی کە لە رێگەی سەنتەرەکەوە گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی پێش بەکارهێنانی هۆشبەر، بەهۆی سزاکانیانەوە ئازاد ناکرێن تاوەکو حوکمەکەیان تەواو دەکەن.
 
تۆمەتبارانی هۆشبەر لە زیندانەکانی ئاسایشدا
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەیەکی زۆر"یش بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر لەلایەن ئاسایشەوە بەند کراون و دۆسیەکانیان یەکلایی نەبووەتەوە تاوەکو رەوانەی چاکسازییەکان بکرێن.
 
هەر ئەمڕۆ عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 585 کەس بە تۆمەتی هۆشبەر دەستگیر کراون، لەو ژمارەیە 302 کەسیان بەهۆی بەکارهێنانەوەیە و ئەوانی دیکە بازرگانی."
 
عەقید سەلام دەڵێت، "بەگشتی لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی ئەم ساڵ بەو تۆمەتە دەستگیر کراون زیاترن لە 1000 کەس."
 
ئەوانەی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراون، زۆرینەیان وەکو "بەکارهێنەر" دەستگیر کراون، تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵدایە، بەڵام بازرگانەکان تەمەنی گەورەتریشیان تێدایە.
 
ئەو کەسانەی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن، لە بەڕێوەبەرایەتی و بنکەکانی ئاسایش دەهێڵدرێنەوە تاوەکو دۆسیەکەیان یەکلایی دەکرێتەوە؛ ئەگەر دادوەر سزایان بدات رەوانەی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن بۆ تەواوکردنی حوکمەکانیان.
 
بۆ بەسەربردنی حوکمی سزادراوان، لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.