لە سنووری پشدەر دەنگێکی بەرز بیسترا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی ژاراوە لە پشدەر دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە و گومان دەکرێت بۆردوومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووبێت.
رۆژی دووشەممە 26-06-2023، ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نزیک کاژێر 5:30 خولەک دەنگێکی بەرز لە سنووری قەزای پشدەر بیستراوە، گومان دەکرێت بۆردوومان بووبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت لە کوێ بووە و بە چ ئامانجێک کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو کە لە خەڵکی گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی ژاراوە دەستیکەوتوون، دەنگەکە لە نزیک گوندی شەروێت بووە.
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، کەسێک بە برینداری بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو، درۆنێک لە ئاسمانی گوندی شەروێت تەقییەوە و پارچەکانی لە ماڵی هاونیشتمانییەک کەوتنەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو.