پۆلیسی سلێمانی: ئەو کەسەمان دەستگیرکرد کە ئاگری لە گۆیژە بەردابوو
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە دوێنێ هەینی لەسەر چیای گۆیژەی سلێمانی ئاگری کردبووە و چەندین داری سووتاندبوو.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مەفرەزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی-بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە دوێنێ لە چیای گۆیژە ئاگری کردبووەوە و چەندین داری سووتاندبوو.
رۆژی هەینی 25-06-2021 کەسێک لە چیای گۆیژە ئاگرێک دەکاتەوە و جێیدەهێڵێت، دوای ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە دەکات، لەلایەن چەند هاونیشتمانییەکەوە کۆنترۆڵدەکرێت. دوای رووداوەکە پۆلیسی سلێمانی دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد و سەرکەوت ئەحمەد دەڵێ: "دوای لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا شەوی رابردوو تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا."
تۆمەتبارەکە ناوی (ی ، ق ،م )ـە و لە دایكبووی 1999ـە، بەپێی ماددەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.