رووداو دیجیتاڵ
پڵنگ و کەمتیار لە چیای جوودی لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و رووبەڕووبوونەوەکەش لە کامێراکانی گەرمیبینی پاسەوانی دارستانەکانی تورکیا تۆمار کراوە.
شەوی رابردوو 25ی ئایاری 2024 کامێرا جێگیرکراوەکانی تیمی پاسەوانی دارستانەکانی تورکیا، دیمەنی رووبەڕووبوونەوەی نێوان پڵنگێک و کەمتیارێکیان لە دارستانە شاخاوییەکانی جوودی سەر بە شارۆچکەی سلۆپی لە شرنەخ تۆمار کرد.
پڵنگ و کەمتیارەکە لەسەر راوکردنی گیانەوەرێک رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
جیهاد کۆچ، قایمقامی سلۆپی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، دیمەنی رووبەڕووبوونەوەی پڵنگ و کەمتیارەکەی بڵاوکردەوە کە بووە مایەی سەرنجی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییان.
ڤیدیۆ تۆمارکراوەکەی شەڕی ئەو ئاژەڵە کێوییانە لە زۆربەی سایت و ئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکرایەوە.
جیهاد کۆچ لە پۆستەکەیدا نوسیوویەتی، "یەکەمجارە دیمەنێکی ناوازەی سێ ئاژەڵی کێوی لە چیای جوودی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پێکەوە دەربچێت؛ لەلایەک رووبەڕووبوونەوەی دوو ئاژەڵی دڕندە بۆ راوکردنی ئاژەڵێک دەبینرێت و لەلایەکی دیکەی هەمان گرتەڤیدیۆییەکەدا ئاژەڵەکەی دیکە هەیە کە هەوڵی راوکردنی دەدرێت."
وەک لە گرتەڤیدیۆییە تۆمارکراوەکەدا دەردەکەوێت، کەمتیارەکە لە رووبەڕووبوونەوەی پڵنگەکە پاشەکشە دەکات و رێگە بە پڵنگەکە دەدات هەوڵی راوکردنی ئاژەڵەکەی دیکە بدات، بەڵام ئەویش لە راوکردنی ئاژەڵەکە سەرکەوتوو نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ