ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر: کردنەوەى کۆنسوڵخانە لە هەولێر سەرکەوتنە لە پەیوەندیى دوو قۆڵیدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر راگەیاند، کردنەوەى کۆنسوڵخانەى وڵاتەکەى لە هەولێر سەرکەوتنە بۆ پەیوەندى دوو قۆڵى قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا. ئاماژەى بەوەشدا کە دەیانەوێت پڕۆژەکانى وەبەرهێنان دەرفەتى کار بۆ هەزاران گەنجى عێراق و کورد بڕەخسێنێت.
ئەو گوتانەى ئەحمەد حەسەن حەمادى، ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر لە رێوڕەسمی کردنەوەى کۆنسوڵخاى گشتیى وڵاتەکەى بوو لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ى ئایار کرایەوە.
ئەحمەد حەسەن حەمادى گوتى: "کردنەوەى کۆنسوڵخانەکە سەرکەوتنە بۆ پەیوەندیى دوو قۆڵى گەشەسەندووى قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان کە لە بوارى جیاوازدا لە گەشەسەندندایە لە رووى سیاسى، ئابوورى و وەبەرهێنان و کولتوورى".
لە 31ى تشرینى یەکەمى 2023ـیەوە وەزارەتى دەرەوەى قەتەر دەستیکرد بە رێوشوێنەکانى کردنەوەى کۆنسوڵخانەى وڵاتەکەى لە هەولێر.