لە سنووری ئاخجەلەر 100 دار و 400 دۆنم پووش و پاوان سووتان
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو گوندی سنووری ناحیەی ئاخجەلەر 100 دار و 400 دۆنم پووش و پاوان سووتان.
عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگرەکە لە گوندەکانی کانی بی و کانی بۆگەنە بووە و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نازانن.
گوتەبێژی بەرگری شارستانیی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا لەسەر رووداوەکە هیچ تۆمەتبارێکیان دەستگیر نەکردووە. گوتیشی، "ئەو 400 دۆنمەی سووتاوە گەنم و جۆی تێدا نییە و پووش و پاوانی سرووشتییە."
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرمادا، سووتان و ئاگرکەوتنەوە زیاتر دەبێت.
24ی ئەم مانگە نزیکەی 200 دۆنم زەویی بە گەنم چێندراوی چوار جووتیار لە ناوچەکانی بەڕانەتی و زرارەتی لە سنووری هەولێر سووتا؛ هەروەها 22ی ئەم مانگە هەر لە سنووری هەولێر 381 دۆنم زەوی بەگەنم چێندراو لە نزیک قوشتەپە سووتا.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو 21ـی ئایار، زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە؛ بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.