چاکسازییەکان: لە سەنتەری شیاندنەوەی سلێمانی و دهۆک نزیکەی 80 بەکارهێنەری هۆشبەر چاکبوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چاکسازییەکانی سلێمانی و دهۆک سەنتەری شیاندنەوەیان بۆ بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کردووەتەوە و لە شەش مانگدا نزیکەی 80 بەکارهێنەریان گەڕاندوونەتەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەولێریش ئامادەکاریمان کردووە بۆ کردنەوەی سەنتەری شیانەوە لەنێو چاکسازیی گەوراندا و لەم هەفتەدا بە فەرمی دەیکەینەوە."
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەمڕۆ 5487 کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا حوکمەکانیان بەسەردەبەن، لەو ژمارەیە نزیکەی 25%یان بەهۆی هۆشبەرەوەیە کە 1311 کەسن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، لە مانگی ئابی رابردوو بۆ شوباتی ئەم ساڵ لە دهۆک 40 بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر گەڕاونەتەوە دۆخیی ئاساییان و چاکبوونەتەوە؛ لە سلێمانیش نزیکەی 40 بەکارهێنەر چاکبوونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، "بەهۆی کێشەی داراییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی چاکسازییەکان ناتوانێت سەنتەری شیانەوە بکاتەوە. ئێمە بە کادیرانی خۆمان و بە هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی، کە پزیشکی دەروونییان دابینکردووە، سەنتەرەکانمان کردوونەتەوە."
ئەوانەی کە لە رێگەی سەنتەرەکەوە گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی پێش بەکارهێنانی هۆشبەر، بەهۆی سزاکانیانەوە ئازاد ناکرێن تاوەکو حوکمەکەیان تەواو دەکەن.
لەو کەسانەی بەهۆی هۆشبەرەوە حوکم دراون، 717 کەسیان بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بووە و 594 کەسیان بازرگانییان پێوەکردووە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە لە داهاتوودا ئەوانەی بەکارهێنەری هۆشبەر دەبن، حوکم نەدرێن و رەوانەی زیندانەکانی چاکسازی نەکرێن، بەڵکو راستەوخۆ بنێردرێن بۆ سەنتەرەکانی شیاندنەوە بۆ چاکبوونەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان، بەراورد بە ساڵانی پێشووتر، حوکمدان بەهۆی بازرگانی و بەکارهێنانی هۆشبەرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و دەگاتە 12 هێندەی رابردوو.
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، ساڵانی 2018، 2019 و 2020 لە کۆی هەر ساڵێک 50 کەس بە تۆمەتی هۆشبەر حوکمدراون، بەڵام تەنیا لە چوار مانگی ئەم ساڵدا زیاتر لە 200 کەس بەو تۆمەتانە حوکمدراون.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەیەکی زۆر"یش بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر لەلایەن ئاسایشەوە بەندکراون و دۆسیەکانیان یەکلایی نەبووەتەوە تاوەکو رەوانەی چاکسازییەکان بکرێن."
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.