ئەندامێکی پەیەدە لە هەولێر: لە هەڵبژاردنی سووریادا بەشدار نابین کە ئێمەی قبووڵ نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر دەڵێت ئەوان وەکو کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریادا بەشداری ناکەن کە تاوەکو ئێستا ئەو وڵاتە ئەوانی قبووڵ نەکردووە.
رەشاد حەبەش عەلی دومەر، ئەندامی پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند "ئێمە وەکو کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە هەڵبژاردنی سووریادا بەشداری ناکەین، کە تاوەکو ئێستا ئێمەی قبووڵ نەکردووە و وەک هاووڵاتی سەیرمان ناکات".
رۆژی چوارشەممە 26ی ئایاری 2021 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریا لە بەشێکی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بەربژێری بەهێزی هەڵبژاردنەکەیە، ئەمەش بەو پێیەی ئەو گرووپانەی خۆیان وەکو ئۆپۆزیسیۆنی سووری ناساندووە بەشداریی هەڵبژاردنەکە ناکەن و لە ناوچەکانی ئەوانیشدا رێگە نادرێت هەڵبژاردن بکرێت.
ئەو ئەندامەی پەیوەندییەکانی پەیەدە گوتی "بۆئەوەی کارێک بکرایە کورد بەشداریی هەڵبژاردنی بکردایە، دەبوو ئاشتەواییەکی نیشتمانی سازبکرایە و کوردانیش وەکو پێکهاتەیەکی گەورەی ئەو وڵاتە بانگ بکرانایە، چونکە هێزێکن و خاکێکی زۆریان لەدەستدایە. بەشار ئەسەد خراپەی زۆری کرد و لێیان پەشیمان نەبووەوە. گەلی سووریایش ناچار نییە دەنگ بە هەڵبژاردنێکی وا بدات و هەڵبژاردنەکە شتێکی هەڵەیە".
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریا بەبێ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ هەرسێ بەربژێر "بەشار ئەسەد، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا و مەحموود مەرعی" بەڕێوەدەچێت.
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا سەرکۆنەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی سووریا دەکەن و دەڵێن ئەو هەڵبژاردنانە "نە پاکن و نە ئازاد".
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی وەزارەتەکانی دەرەوەی هەر پێنج وڵاتە رۆژئاواییەکەدا هاتووە، "ئێمە، وەزارەتەکانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و ئەمریکا دەمانەوێت روونیبکەینەوە کە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی 26ی ئایار نە ئازدانە دەبێت و نە پاکیش دەبێت. ئێمە بڕیاری رژێمی ئەسەد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دەرەوەی چوارچێوەی پرۆژە بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنە دەکەین و پاڵپشتی لە دەنگی هەموو سوورییەکان دەکەین، لەنێویشیاندا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیان بە نایاسایی داناوە و سەرکۆنەیان کردووە".
ئەمریکا و چوار هاوپەیمانەکەی جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە "بەگوێرەی پرۆژە بڕیارەکە، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و بە بەرزترین ستانداردی نێودەوڵەتیی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی سازبکرێت".