دوای هەفتەیەک لە خنکانی، تەرمی گەنجێکی کەرکووک لە تەقتەق دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی گەنجێک لە نزیک گوندی سێگردکان لە سنووری قەزای کۆیە بەهۆی سەرئاوکەتنییەوە دۆزرایەوە. بەرگریی شارستانیی سنوورەکە دەڵێت، کەسەکە هەفتەیەک پێشتر لە سنووری تەقتەق خنکابوو.
ئەمڕۆ هەینی، 26ـی نیسان، عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 19ـی ئەم مانگە کەسێک لە سنووری ناحیەی تەقتەق کەوتە نێو ئاو و خنکا، دوای گەڕانی تیمەکان ئەمڕۆ تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
گەنجەکە تەمەنی 31 ساڵە، خەڵکی کەرکووکە و لە نەتەوەی تورکمانە. عەمید گۆران گوتی، تەرمەکە رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
20ـی نیسان هەر لە سنووری کۆیە، باوک و کوڕێک لە ئاودا خنکان، کە باوکەکە تەمەنی نزیکەی 35 ساڵ و کوڕەکەشی تەمەنی چوار ساڵ بوو.
ساڵی رابردوو تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکابوون، 27 کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، 19یان لە پارێزگای دهۆک، 14یان لە پارێزگای سلێمانی بوون، لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک کەس خنکابوو.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیس، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 104 کەس لە ئاودا خنکابوون.