قایمقامی چەمچەماڵ بۆ رووداو: بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر
رووداو دیجیتاڵ
هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بە درۆن هێرشەکە کراوە.
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هێرشەکە کاژێر 06:45 خولەکی ئەم ئێوارەیە کراوە و سەرچاوەی درۆنەکەش نادیارە.
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، "تیمی جیا و هێزی ئەمنیمان رەوانەی شوێنی هێرشەکە کردووە".
رەمەک رەمەزان رایگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە جاری پێشوو هێرشی کرایەسەر و دەرەوەی کەمپەکەیە و شوێنەکە نۆژەن دەکرێتەوە.
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، زیانی مادی هەبووە، بەڵام بۆ زیانی گیانی "هەندێک دەڵێن دوو بۆ چوار کەس بریندارن، بەڵام پشتڕاستنەکراوەتەوە بۆمان".
قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووی دەستوورەوە پاراستنی ئاسمان و زەوی لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە، نەوەک هەرێمی کوردستان. لەبارەی بەرهەمهێنانی گازیشەوە رەمک رەمەزان گوتی، لیژنەیەک بڕیاری لەسەر دەدات و تاوەکو ئێستا نازانێت رادەگیرێت یان نا.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.