لە سلێمانی هێندەی ساڵی رابردوو باران نەباریوە
رووداو دیجیتاڵ
جگە لە پارێزگاکانی دیکە کە ئەمساڵ زیاتر لە پار باران تێیاندا باریوە، لە سلێمانی نزیک 100 ملیمەتر کەمتر باران باریوە.
ئەمڕۆ هەینی 26ـی نیسان، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو ئەمڕۆ 722 ملیمەتر باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ 623.3 ملیمەتر باران باریوە".
بەگوێرەی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رووداو، تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگە بارانبارین لە پارێزگاکانی دیکە بەمشێوەیە بووە:
- هەولێر؛ 540.7 ملیمەتر باران باریوە؛ هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو 334.6 ملیمەتر باران باریبوو.
- دهۆک؛ ئەمساڵ 740.7 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان کات 303.4 مەتر باران باریبوو.
- هەڵەبجە؛ تاوەکو 21ـی نیسان 681.7 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 490 ملیمەتر باران باریبوو.
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، "راستە بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو ئاستی بارانبارین کەمترە، بەڵام نزیکە لە ئاستی تێکڕایی چەند وەرزی رابردوو".
بارانبارینی ئەمساڵ ئاوی گلدراوەی هەرێمی کوردستانی زیادکردووە. 13ـی ئەم مانگە رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاوی کۆگاکراو لە هەرێمی کوردستان شەش ملیار مەتر سێجایە، بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار، ملیارێک و 800 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە".