قایمقامی دەربەندیخان: دوو هاوژین بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری قەزای دەربەندیخان دوو کەس گیانیان لەدەستدا، کە هاوژینی یەکدین دووانی دیکەش بریندارن، کە دەستگیراندارن.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەنێوان گوندەکانی میرەدێ و چنارە روویداوە. سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەنێو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هاوژینن".
بەپێی راگەیێندراوێکی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور، رووداوەکە کاژێر 14:00 لەسەر رێگەی دەربەندیخان - زەڕایەن نزیک گوندی چنارە روویداوە. ئەو ژن و پیاوە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 35 ساڵ دەبێت.
قایمقامی دەربەندیخان گوتیشی، لە ئۆتۆمبێلی بەرامبەریشدا دوو کەس بریندار بوون کە دەستگیرانن. ئاماژەی بەوەشکرد، چەند منداڵێک لە نێو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون، بەڵام سەلامەتن.
ئەو دووانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی ناحیەی زەڕایەنن لە پارێزگای سلێمانی، پیاوەکە لە سنوورەکەی خۆیان بە مەریوانی کوشنچی ناسراوە.
هەر ئەمڕۆ لە دووکان بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لە دەستدا و 18 کەسی بریندار کرد و زیانیشی بە 15 ئۆتۆمبێل گەیاند.
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.