گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سنە دەستیانپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە وەستاندنی، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سنە بۆ تاران دەستیانپێکردەوە، بەگوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە، ئێستا هەفتەی گەشتێک هەیە، بەڵام لە هەوڵدان بکرێتە سێ گەشت.
ئەمیرعەباس نەزەری زادە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سنە، رایگەیاند، تەنیا لە رۆژانی پێنجشەممەدا لە فڕۆکەخانەی سنەوە گەشت دەکرێت و یەکەم گەشتی ئاسمانیش رۆژی 13-04-2023 لە تارانەوە بۆ سنە و بە پێچەوانەوە بووە.
ئەمیر عەباس نەزەری زادە دەڵێ: بڕیارە ژمارەی گەشتەکان بکرێنە سێ گەشت لە یەک هەفتەدا. هەموو گەشتەکانیش لە سنەوە بۆ تاران و بەپێچەوانەوە دەبن.
گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سنە لە 22-11-2022ـەوە راوەستاون و ئاژانسە خۆجێییەکان، هۆکارەکەیان بۆ "کێشەی نێوان هێڵە ئاسمانییەکان لەگەڵ چاککردنەوەی زەمینی و بابەتی پارە" گەڕاندەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سنە، کۆمپانیای هەندلینگی فڕۆکەخانە (کۆمپانیای چاککردنەوە و خزمەتەگوزارییەکانی فڕۆکەخانە) گۆڕاوە.
پار، چالاکییەکانی فڕۆکەخانەی سنە زۆر کەم ببوو، کە بەشێکی پەیوەندیی بە راوەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەوە هەیە.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی سنە، رێژەی هاتووچۆی گەشتیار لە پار بەراورد بە پێرار، 38٪ کەمبووەتەوە و رێژەی ناردن و وەرگرتنی کەلوپەلیش 44٪ دابەزیبوو.
لە دوو ساڵی رابردوودا، سێ جار گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سنە راگیران. لە ساڵانی رابردوودا فڕۆکەخانەی سنە جگە لە گەشت بۆ تاران، بۆ سلێمانی و کیشیش گەشتی هەبوو، بەڵام بەهۆی کێشەکانی فڕۆکەخانەوە بەردەوام نەبوون.
گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە 13-02-2022ـش راگیران و 19-04-2022 دیسان دەستیانپێکردەوە، بەڵام زۆری پێ نەچوو، جارێکی دیکەش گەشتەکان راگیرانەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی پارێزگای سنە، ئەوکات هۆکاری راوەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سنە کێشەی پارە لەنێوان کۆمپانیایەکی دابینکردنی خزمەتگوزاری و دوو کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکاندا بوو.
لەم ساڵانەی دواییدا، لە هەفتەیەکدا شەش گەشت لە فڕۆکەخانەی سنە هەبوون، بەڵام زستانی ساڵی 2022 گەشتەکان بۆ 2 گەشت لە هەفتەدا کەم بوونەوە.
لە ساڵانی رابردوودا فڕۆکەخانەی سنە گەشتی ئاسمانی بۆ کیش لە باشووری ئێران، سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و تاران هەبوو، بەڵام ساڵی 2021 گەشتەکان تەنیا بۆ تاران و بەپێچەوانەوە بوو.
فڕۆکەخانەی سنە ساڵی 1968 دەست بە دروستکردنی کراوە و ساڵی 1971 تەواو بووە.