ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: پلانێکی 'مەترسیداری پەکەکە'مان پووچەڵ کردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر ماددەی تەقینەوە و کەلوپەلی سەربازییدا گرتووە کە مووشەکی دژەتانک و تی ئێن تی ـی تێدایە و "پەکەکە ویستوویەتی لە هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 26-4-2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە؛ بەڵام دەستبەسەرداگرتنی چەک و کەلوپەلەکان لە 17ـی نیسان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە. بەپێی راگەیێندراوەکە، "یەک تۆن تی ئێن تی، 10 مووشەکی کۆنکۆرسی دژەتانک، 23 ماتۆڕی درۆنی هێرشبەر، 1200 ماسکی دژەگاز و 375 یەدەگی چەکی کڵاشنیکۆڤ" لەنێو کەلوپەلەکاندا بوون. 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی کەسێکی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، ناوی (یونس ئەحمەد قاسم سلێمان)ـە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەرکەوتووە، "لە رێگەی بەرپرسێکی سەربازیی یەپەگە بەناوی (رۆدی حوسێن) ئەو ماددە و کەلوپەلە سەربازییانەی بەدەستگەیشتووە، بەمەبەستی گەیاندنی بە دەستی چەکدارانی پەکەکە تاوەکو لە هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنن."
 
لە گوتەکانیدا کە وەک دانپێدانان بڵاوکراوەتەوە، یونس ئەحمەد دەڵێت، ئەو لە کەمپی دۆمیز نیشتەجێیە و لەدایکبووی 1970 یە و پیشەی شۆفێری تاکسییە. ئەو دەڵێت، سەرەتای پەیوەندیی لەگەڵ رۆدی حوسێن، کە بەرپرسی سەربازیی یەپەگەیە لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بووە.
 
یونس ئەحمەد دەڵێت، "ئەو بەرپرسە پێی گوتم، هێزەکانی پەکەکە پێویستیان بەو کەلوپەلانەیە و دەبێت ئەمڕۆ یان سبەی بگاتە دەستیان." ئەوەشی گوت کە رۆدی پێی گوتووە، "ئەو چەک و کەلوپەلانە لە باشووری کوردستان بەکاردەهێنن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان."
 
لە 17ـی مانگی نیسان، ئەو کەسە پلانی هەبووە کەلوپەلەکان بگەیێنێتە دەست گەریلاکانی پەکەکە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیریان کردووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکاندا گرتووە. 
 
تاوەکو ئێستا پەکەکە و یەپەگە هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ئەو دۆسییەیە نەداوە.