ئەو چیرۆکەی دوای بەرنامەی لەگەڵ رەنج هەمووانی گریاند
رووداو - هەولێر
تراژیدیای منداڵ و کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش لە بەرنامەیەک و دوواندا تەواونابێت، هەر منداڵی شەهیدێک بدوێنی چەند کاژێرێک خەم هەڵدەڕێژێ. لەدوایین بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی تەلەفزیۆنی رووداو چیرۆکێکی نوێ بیسترا، کە ئەوانەی گوێیان لێبووە گریاون.
دوایین بەرنامەی لەگەڵ رەنج تەرخانکرا بۆ ئاوڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش، کە میوانداری چەند خێزانێکی شەهیدان کرا، ئەوان بەشێکیان قسەی دڵی خۆیان لە بەرنامەکەدا کردو بەشێکیشیان چیرۆکە تراژیدییەکانیان هەڵگرت بۆ پشتی کامێراو دوای بەرنامەکە.
کاژێر 12ی شەوەو بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) تەواو بووە، ئەوانەی هاتوونەتە بەرنامەکە دەستخۆشی لە رەنج سەنگاوی دەکەن و هەندێکیان وێنەی لەگەڵ دەگرن، بەڵام كەسێك جیاواز لەوان بۆ گێڕانەوەی چیرۆكێكی خەمناك دەچێتە لای رەنج، ئەویش چیرۆكی دوو كچە شەهیدەو دەستپێکی گێڕانەوەکە رەنج سەنگاوی گریاند.
چیرۆكەكە بەم جۆرە بوو: ژنێك، دوو كچی چوار و پێنج ساڵەی شەهیدێكی بردە لای رەنج و گوتی ئەم دوو كچە دایكیان بە رووداوێك سووتاوەو گیانی لەدەستداوە، باوکیشیان كە پێشمەرگە بوو هەفتەیەک دوای پرسەی ژنەکەی رۆیشتەوە بەرەكانی جەنگ و گوتی ئەگەر نەڕۆمەوە مووچەم نادەنێ و ئەوكاتە ئەم منداڵانە بەچی بەخێو بكەم، بەڵام پاش هەفتەیەك لە رۆیشتنەوەی، ئەویش شەهید بوو.
بەگێڕانەوەی ئەم چیرۆكە هەردوو كچەكە وەك ئەوەی تەواو هەست بەبێ كەسی خۆیان بكەن دەستیان كردە گریان، رەنج سەنگاوی و تەواوی ئەوانەشی گوێبیستی چیرۆکەکە بوون وێڕای دڵدانەوەیان بەخوڕ فرمێسكیان بۆ رشتن.
رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری بەرنامەی لەگەڵ رەنج، لەمیانی بەرنامەکەیدا بەفەرمی کەمپینی (رەنجی شەهیدان)ی راگەیاند. کەمپینەکە کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و گەورەترین کەمپین دەبێت لە هەرێمی کوردستان. تائێستا دەیان بازرگان و سەرمایەدار پاڵپشتی خۆیان بۆ رەنجی شەهیدان راگەیاندووە، لەنێو بەرنامەکەشدا بەشێک لەوانەی پاڵپشتی کەمپینەکەن قسەیان کرد. پەیوەندیکردنی سەرمایەدارانیش بە کەمپینەکەوە بەردەوامە و کەمپینەکەش بۆ ماوەیەکی دیارینەکراوە. ئەو داهاتەی کۆدەکرێتەوە لیژنەیەک بەسەر خێزانی شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەشی دەکات.