گەشتوگوزاری زاخۆ: لە پردی دەلال چەند چالاکییەکی کولتووری بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەڕێوەدەچن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی باران و لافاوی رۆژانی رابردووەوە ژمارەیەک شوێنێکی گەشتیاریی زاخۆ زیانیان بەرکەوت. گوتەبێژی گەشتوگوزاری شارەکە دەڵێت، بەشێکیان نۆژەنکراونەتەوە و لە شەممەوە لە پردی دەلال چالاکییەکی کولتووری دەستپێدەکات و تاوەکو جەژنی رەمەزان بەردەوام دەبێت.
19ـی ئادار بارانێکی بەخوڕ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی گرتەوە. لە سنووری زاخۆ بەهۆی لافاوەوە 410 خانوو، 25 ئۆتۆمبێل، زیاتر لە 130 شوێنی گەشتوگوزار و بازرگانی زیانیان بەرکەوت.
بێوار سندی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو شوێنە گەشتیارییانەی لەنێو زاخۆ و دەوروبەری بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوت، بەشێکیان نۆژەن کراونەتەوە و ئەوانی دیکەش کاریان تێدا دەکرێت.
بێوار سندی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆڕنیشی زاخۆ بەهۆی لافاوەوە بەشێکی زیانی بەرکەوت، بەڵام نۆژەنکراوەتەوە و ئێستا کەموکورتی نییە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری زاخۆ ئاماژەی بەوەکرد، بەراورد بە پێش لافاوی سنوورەکە، چوونی گەشتیار بۆ شارەکانی دهۆک و زاخۆ کەمیکردووە؛ گوتیشی، بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران لە 20ـی رەمەزانەوە چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبەن.
چالاکییەکانی زاخۆ بریتین لە ئاهەنگ، سروودی ئایینی، نمایشی کاری دەستی و کردنەوەی بازاڕێکی هەمەڕەنگ و چەند بابەتێکی دیکە. بڕیاریشە تاوەکو جەژنی رەمەزان بەردەوام بن.
زاخۆ یەکێکە لەو شارانەی ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکەن. بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری زاخۆ بۆ رووداو، ساڵی رابردوو زیاتر لە 525 هەزار گەشتیار سەردانی سنوورەکەیان کردووە.
یەکێک لە پڕۆژە دیارەکانی سنوورەکە پڕۆژەی گەشتیاریی کۆڕنیشی پردی دەلالە کە رۆژی 14ـی ئابی ساڵی رابردوو کرایەوە و تێیدا تاڤگەی ئاو، کافتریا، رێستۆرانت و رێڕەوی پیاسەکردن هەیە و 70٪ی سەوزاییە.