وەزارەتی دارایی: ئەم ساڵ هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن مووچەخۆر دەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زانیاریی "نادروست و چەواشەکارانە" دژی پڕۆژەی "هەژماری من" بڵاوکراوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دەکەنەوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی سێشەممە 26ی ئادار بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەی "هەژماری من" لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە ئاگاداریی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە رەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "پڕۆژەی (هەژماری من) دروستکردنی بانک نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە، کە ئامانج لێی دابینکردنی رێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانکیی سەردەم و دابینکردنی مووچە و پێدانی چەندین جۆری قەرز، سولفە و پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی."
 
وەزارەتی دارایی ناوی پێنج بانکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەشدارن لە پڕۆژەکەدا، کە بریتین لە بانکەکانی ( BBAC Bank- RT Bank – NBI - Cihan Bank – IIB). و راشیگەیاندووە، "سەرجەم بانکەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەڕپێکراون."
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، "پڕۆژەکە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای ورد و دروست و شەفاف لەسەر خەرجی و داهاتەکان.. هەروەها دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و بووژاندنەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان."
 
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆژەکە و پێشتریش بەشداریکردنی هەندێک بانکیان رەتکردووەتەوە بە هۆکاری ئەوەی شکستیانهێناوە لە "بەدیهێنانی داواکارییەکانی پڕۆژەکە یان لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزاوە."
 
لەو راگەیێندراوەدا لەبارەی بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەکە و بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "بەپێی دوایین بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، پێویستە سەرمایەی هەر بانکێک کە بەشداری 'هەژماری من'ە لە 250 ملیار دینارەوە بۆ 400 ملیار دیناری عێراقی زیادبکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ. ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و دڵنیایی دەدات لە پاراستنی مووچە و پاشەکەوتی مووچەخۆران."
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، تێچووی خزمەتگوزاری بانکی بۆ "هەژماری من" مانگانە 2500 دینارە، لە کاتێکدا مووچەخۆران لە "پڕۆژەی تەوتین لە عێراق مانگانە بڕی 6000 بۆ راکێشانی مووچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەشکردن بۆ هەر ملیۆنێک دینار."
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ دەستگەیشتنی مووچەخۆران بە پارەی مانگانەیان، بڕیارە لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 1000 ئامێری راکێشانی پارە دابنرێن، کە ئێستا لە هەولێر نزیکەی 100 ئامێر دانراون و 24 کاژێر کاران.
 
لەو راگەیێندراوەدا باس لەوەشکراوە، پڕۆژەی "هەژماری من" ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و لەماوەی چەند هەفتەی رابردوویشدا نزیکەی 40 هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوە و قۆناخی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکییشیان دەستیپێکردووە.
 
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، ئامانجیانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دروست بکرێت.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی دارایی ئەم خاڵانەی خستووەتەڕوو:
 
-  ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە.
 
- بەشداربووی پڕۆژەی "هەژماری من" ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەنێو پڕۆژەکە و گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی دیکەی نێو پڕۆژەکە.
 
- هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاری هەژماری هیچ خاوەن هەژمارێک بکات جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت.
 
- هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێک بەپێی قەبارەی مووچەکەی و ئەو رەسیدەی لە رێگەی هەژمارەکەیەوە بەدەستی دەهێنیت سوودمەند دەبێت لە قەرز و پێشینەکان لەلایەن بانکە ئەهلییەکانەوە.