مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە رێوڕەسمێکدا کە بۆ بەربانگ لە هەولێر ئامادەکرابوو، بۆ ئامادەبووان قسەی کرد و سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ "خۆڕاگری و پشوودرێژییان و بۆ پشتیوانی و متمانەیان بە ئێمە و حکومەتەکەی خۆیان".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ماوەیەکە دۆخێکی ناخۆش بۆ خەڵکی کوردستان هاتووەتە پێشەوە، بەتایبەتی بە هۆکاری جیاواز هەوڵدراوە مووچەی هەرێمی کوردستان نەنێردرێت و بودجەی هەرێمی کوردستان دابین نەکرێت. هەروەها کێشە و گرفتی ئابووری بۆ خەڵکی کوردستان زیاتر بووە، بەڵام خۆڕاگریی خەڵک وایکردووە بەردەوام بین لە خزمەتکردن".
مەسرور بارزانی "دڵنیایی"دایە هاونیشتمانیان، ئەوەی بتوانن دەیکەن بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکان بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت، بێ ئەوەی بە "هیچ جۆرێک" دەستبەرداری هیچ مافێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان ببن.
"پیلانێک بۆ لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا کە ژمارەیەک هاونیشتمانی ئامادە بوون گوتی، "دەمەوێت باسی ئەوە بکەم ئەم دۆخە چۆن روویدا و بۆ بە ئێرە گەیشت. نایشارمەوە ماوەیەکی زۆرە پیلان هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت یان لاواز بکرێت. بەشێوەی جۆراوجۆر پیلانەکە جێبەجێکراوە".
مەسرور بارزانی گوتی، "جێگەی داخە کە هەندێک بیروبۆچوونی ناحەز بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان توانیویانە بەم شێوەیە رەفتار لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەن. لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە، لەنێوخۆشدا یارمەتی ئەم بۆچوونە شۆڤێنییە دراوە کە رێگە خۆش بکەن بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی لەنێوببەن یانیش لاوازی بکەن".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، دروستبوونی هەرێمی کوردستان خێری کەس نەبووە و بەرهەمی خوێنی شەهیدەکان و خەباتی خەڵک بووە.
"بەگوێرەی دەستوور ئەرکەکانمان جێبەجێکردووە"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە دەستووری عێراق و مافەکانی کورد کرد و گوتی، "لە دەستووردا ماف و ئەرکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە. ئەوەی پێمان کراوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان درێخیمان نەکردووە و هەموو ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە، بەڵام بەداخەوە لە دابینکردنی مافەکانمان تاوەکو ئێستا زۆریان پێشێلکراون و دەستەبەر نەکراون، بە جۆرێک هەوڵ دەدەن ئەوەی لە دەستووریشدا هاتووە پێشێلی بکەن".
مەسرور بارزانی باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ناکۆکییەکانی نێوخۆ کرد و گوتی، "لێرەدا بەسەر دووبەرەدا دابەشبووین؛ بەرەیەک بەرەی خۆڕاگرییە؛ بەرەی پاراستنی ئەزموونەکەمانە؛ بەرەی رێزگرتنە لە خوێنی شەهیدەکانمان و خەباتی ئەم گەلە ستەمدیدە. بەرەیەکیش کە پێیوایە هەموو ئەوانە قەیناکە با بڕۆن، با تەنیا نانێکی زەلیلمان بدەنێ، هەموو کێشەی هەرێمی کوردستان و هەموو دۆزی خەڵکی کوردستان بکرێت بە مووچە. دڵنیام زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین. ئێمە دەمانەوێت رێز لە خوێنی شەهیدان و خەباتی ئێوە و ئەم ئەزموونە بگرین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستنی خەباتی خەڵکی کوردستان و ئەم ئەزموونە ئەرکی سەرشانی هەموو لایەنەکانە و دەبێت ئەوەی پێیان دەکرێت لەپێناویدا ئەنجامی بدەن.
"هەموو لایەنەکان واز لە بەرژەوەندی حیزبیی بێنن"
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "داوایەکی برایانەم لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە؛ هەموویان واز لە بەرژەوەندیی حیزبی و کەسیی خۆیان بهێنن؛ واز لەوەبێنن کە پێیان وابێت لایەنێک سوودمەند بێت بەسەر لایەنێکی دیکەدا دەستکەوتە؛ نەخێر بەهیچ جۆرێک ئەوە دەستکەوت نییە".
مەسرور بارزانی گوتیشی، "ئێمە ئەو کاتە دەتوانین دەستکەوتمان هەبێت کە خزمەتی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین بێ جیاوازی؛ ئەو کاتە دەتوانین دەستکەوتمان هەبێت کە پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین؛ ئەو کاتە دەتوانین دەستکەوتمان هەبێت کە بتوانین برایەتی نێوان هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان لە کوردستان و عیراقدا بپارێزین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو کەسانەی کرد لە بەغدا یان ناوچەکانی دیکەی عێراق "پشتیوانی راستیی خەڵکی کوردستان" بوون.
"عێراق دەوڵەمەندە و باش ئیدارە نەدراوە"
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرد و گوتی، "خەڵكیكی زۆر هەیە لەگەڵیاندا خەریکین بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجامێک لە بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە ئیدارەیەکی باشی داهات و سەروەت و سامان و ئەم وڵاتە نەدراوە، ئەگینا دەمانتوانی ببین بە یەکێک لە باشترین وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێستاش دەتوانین ئەوە بکەین، ئەگەر بەبیری یەکتر قبووڵكردن و رێزگرتن لەیەک بەردەوام بین. ئێمە لە هەرێمی کوردستان نیەتمان ئەوەیە بتوانین لەگەڵ خوشك و براکانی خۆمان لە هەموو ناوچەیەکی دیکەی عێراق پێکەوە بە ئاشتییانە بژین، مافی هەموو پێکهاتەیەک رێزی لێ بگیرێت و پێکەوە وڵاتێکی گەشتر و پێشکەوتووتر بینابکەین".
مەسرور بارزانی گوتی، "داوا دەکەم، با یەکڕیزی لەسەر بنەمای یەکهەڵوێستی و ئەو ئامانجە پیرۆزەی هەمانە ببێت، کە بەرژەوەندی باڵای گەل و وڵاتەکەمانە. بیر لەوە بکەینەوە چۆن مافی ئەو خەڵکە دابینبکەین. تەنیا کێشەی ئێمە کێشەی مووچە نییە، کێشەی نەتەوە و ناسنامە و خاکمان هەیە؛ دەبێت هەموو ئەو مافانە دەستەبەر بکەین. بەهیچ جۆرێک واز لە هیچ مافێکی دەستووری ئەم خەڵک ناهێنین و بەردەوامیش دەبین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و قەیرانانەی ئێستا هاتوونەتە پێشەوە".
مەسرور بارزانی گوتی، "هەر بڕیارێکی سەختمان داوە پیاوی تەنگانە کەم لەگەڵمان وەستاوە؛ سبەی بڕیارێک دەدەین کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەیە، دڵنیام هەموو لایەک دەبێت بە شەریکی ئەو بڕیارەی سبەی، چونکە ئینشاڵڵا لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەبێت".