دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراکی بەربانگ و پاشیڤ بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە دابین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین ئامار، تاوەکو ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە زیاتر لە 358 هەزار خێزانی زیانلێکەتووی بوومەلەرزە؛ سەرۆکی دەزگاکە دەڵێت، رۆژانە خۆراکی بەربانگ و پاشیڤ بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە شارەکانی ئامەد و مەرەش لە باکووری کوردستان و هاتای لە تورکیا دابیندەکەن.
رۆژی یەکشەممە 26ـی ئاداری 2023، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاوکارییەکانیان بۆ زیانلێکەتووانی بوومەلەرزە بەردەوامە. گوتیشی: "لە مانگی رەمەزاندا رۆژانە خۆراکی گەرم بۆ بەربانگ و پارشێو لە شارەکانی دیار بەکر {ئامەد}، مەڕەش و هاتای دابیندەکەین."
لەبارەی عەفرینەوە، موسا ئەحمەد رایگەیاند، لە رێگەی فڕنەوە بێ بەرامبەر نان دەدەنە خەڵکی سنوورەکە و گەڕانی تیمەکانی تەندروستییان بە شارۆچکە و گوندەکانی سنوورەکەدا بەردەوامە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو ئەم هەفتەیە، دەزگاکە هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە 358 هەزار و 215 خێزان، زۆرترین خێزانی سوودمەندبوو لە شاری مەرەش بوون کە 108 هەزار و 327 خێزان بوون.
ناوچەیەکی دیکەی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەرین لە رۆژئاوای کوردستان کە بەپێی ئامارەکە تاوەکو ئەمڕۆ لەو سنوورە 61 هەزار و 782 خێزان لە هاوکارییەکان سوودمەند بوون.
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان بریتین لەمانە:
- ژەمە خۆراکی گەرم
- بەتانی، دۆشەک و سەرین
- ئاوی خواردنەوە
- ژەمە خۆراکی وشک
- ژەمە خۆراکی خێرا
- هاوکاریی پزیشکی
- جلوبەرگی جۆراوجۆر
- خێوەت
- پارەی کاش
- پاکێجی منداڵان و شیری منداڵان
- خەڵووز
- پێویستیی نێوماڵ
- ئامێری بیناسازی
ئەو شوێنانەی هاوکارییەکانیان پێگەیشتووە:
- مەرەش
- سەمسوور
- دیلۆک
- رووها
- ئامەد
- مەلەتی
- عەفرین
- سلۆپی
- نوسێبین
- ئەدەنە
- هاتای
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە باکووری کوردستان روویدا، کە کاریگەریی لەسەر تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو؛ بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 55 هەزار کەس لە سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان و برینداربوونی سەروو 100 هەزار کەس.