پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر 75٪ـی سەوزاییە و بە قیست دەفرۆشرێت

رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆژەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر رووبەرەکەی 500 دۆنم زەوییە و مۆڵەتی دروستکردنی تەنها 500 ڤێلای لەسەرە، بۆ ئەوەی رێژەی 75٪ـی رووبەرەکەی سەوزایی بێت. 
 
هیچ ڤێلایەکی پڕۆژەکە رووبەری لە هەزار مەتر دووجا کەمتر نییە؛ پڕۆژەی گرینلاند، لە ناوچەیەکی بەرزی هەولێرە و بەسەر بەنداوی بەستۆرەدا دەڕوانێت.
 
مەهدی ئەحمەد، ئەندازیاری شارستانی سەبارەت بە پڕۆژەی گرینلاند دەڵێ "900 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و، سەوزایی زۆرە. پڕۆژەکە نزیکە لە بەنداوی بەستۆرە و لە دوو ساڵی داهاتوودا جوانترین دیمەنی دەبێت لەنێو هەرچی پڕۆژەی نیشتەجێبوونە لە هەولێر."
 
ئەو ئەندازیارە هەروەها دەڵێ پڕۆژەکە بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەی، لە گەرمای هاویندا پێنج پلە جیاوازیی دەبێت لەگەڵ هەولێر.
 
ڤێلاکان بە هەیکەل دەفرۆشرێن بە شێوازی قیست. نرخی هەر ڤێلایەک 350 هەزار دۆلارە، کە کڕیار دەبێت سەرەتا 20٪ـی پارەکە بدات، ئەوەی دیکە بەماوەی سێ ساڵ دەدات.
 
سارا مۆفەق، ئەندازیاری تەلارسازییە و سەبارەت بە پڕۆژەکە دەڵێ "شێوازێکی کلاسیکمان بۆ رووکارەکەی بەکارهێناوە و  ڤێلاکانی بەرزترین خاڵی پڕۆژەکە دیزایینێکی مۆدێرنیان هەیە، کە ڤیویان 180 پلەیە و تەواوی چواردەوریان لێ دیارە."
 
شاری یاری و پارکی سەرەکیی پرۆژەکە، نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژە، دار و گوڵ و گوڵزاری گرانبەهای تێدا چێندراوە و بەرزیی لە ئاستی رووی دەریاوە، هۆکارێک دەبێت کە تێیدا گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین، نەبینرێت.