لە هەولێر 20 دۆنم زەوی بۆ داڵدەدانی سەگی بێلانە دابین دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی سەگى بێلانە لەنێو شار، 20 دۆنم زەوییان لە نزیک شارەکە دابینکردووە بۆ داڵدەدانی ئەو سەگانە.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-2-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پەناگەیە دروست دەکرێت و وەکو سەرەتاش، "500 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخان کردووە."
 
دوای تەواوبوونی ئەو پەناگانە، بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لیژنەیەک لە شارەوانی و ڤێتێرنەرى دادەنرێت بۆ ڤاکسینکردنیان و خەساندنی سەگەکان. 
 
پەناگەکە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوور دەبێت. ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، دروستکردنی پەناگەکە قۆناخی یەکەم دەبێت و لە قۆناخى دووەمدا دەستدەکرێت بە هەڵمەتى گرتن و کۆکردنەوەى سەگەکان و گواستنەوەیان بۆ شوێنی مەبەست. 
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر، زیاتر لە 20 هەزار سەگی بێلانە هەن، بەپێی پڕۆژەکەی حکومەت مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.
 
ئومێد خۆشناو باسی لەوەشکرد کە رێگە نادەن پاشماوەی خۆراکی مرۆڤ بە سەگەکان بدرێت.