بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان: پێنج بەنداو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵی رابردوو چوار بەنداو تەواوکراون و چەند بەنداوێکیش لە قۆناخی جێبەجێکردندان. دەشڵێت، پێنج بەنداو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون و داوایان لە حکومەت کردووە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکات.
 
رۆژی هەینی، 24-2-2023، ئێران گواستنەوەی ئاوی زێی بچووکی لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە رێگەی تۆنێل و کەناڵی ئاوییەوە بۆ بەنداوی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد. ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-02-2023، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، گلدانەوە و گواستنەوەی ئاو لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە "کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر داهاتی ئاو بۆ بەنداوی دووکان."
 
رەحمان خانی گوتی: "ئێمە چەند ساڵێکە دیزاینی بەنداوی دەڵگەمان لەسەر زێی بچووک ئامادەکردووە و لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانەوە، لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەسەر ‌هێڵین بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق پارەی بۆ تەرخان بکرێت."
 
بەگوتەی رەحمان خانی، بەنداوی دەڵگە لە دەڤەری پشدەر بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی خواردنەوەیە لە دەڤەرەکە و دەڵێت، چونکە پشدەر و قەڵادزێ لەکاتی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان گرفتی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروست دەبێت. دەشڵێت، "بەنداوەکە گرفتی ئاوی ئەو دەڤەرە چارەسەر دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا وێستگەیەکی کارۆئاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا."
 
لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە هەن، بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، هەروەها بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترینە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە و بەنداوی دهۆکیش توانای گلدانەوەی زیاتر لە 50 ملیۆن مەتر سێجای هەیە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر سێ بەنداوەکە ئاستی ئاویان کەمە، چونکە زۆربەی بارانبارینی ئەمساڵ لە خوارووی بەنداوەکان بووە و ئەمساڵ بەسەر دوو ساڵی وشکەساڵیدا هاتووە. باس لەوەش دەکات، زۆربەی بەنداوەکانی عێراق دۆخی ئاویان خراپە، ئەو کەمئاوییەی بەنداوەکانی عێراق بەخۆیانەوە دیویانە، "لە 100 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، پار چوار بەنداو لە هەرێمی کوردستان تەواوکراون و چەند بەنداوێکیش لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
 
بەنداوی باوەنوور لە گەرمیان توانای گلدانەوەی 46 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی باسەڕە لە سلێمانی 60 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە، بەڵام هێشتا تەواو نەکراون. رەحمان خانی گوتی: "بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن لە هەردوو بەنداوەکە راگیراوە، داوامان لە حکومەت کردووە پارەی تەواویان بۆ تەرخان بکرێت، چونکە ناکرێت ساڵێک بەردەوام بێت و بووەستێت."
 
بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆک یەکێک بوو لەو چوار بەنداوەی لە ساڵی رابردوو تەواوکراون. رەحمان خانی گوتی: "بەنداوەکە یەکێکە لەو چوار بەنداوەی کە ساڵی 2022 تەواوکراوە، بەنداوەکە ئێستا لە قۆناخی تاقیکردنەوە و پڕکردنەوەی ئاودایە بۆ ئەوەی هەموو بەشەکانی بەنداوەکە تاقی بکرێتەوە، چەند گرفتێکی هەیە و لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار لە هەوڵی چارەسەرکردنیداین."