زاگرۆس خوسرەوی: هەڵبژاردن لە ئێران ئازاد نییە

رووداو- هەولێر

کاژێر 07:30 ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 26-2-2016 ، بەکاتی هەولێر، هەڵبژاردنەکانی دەیەمین خولی پەرلەمان و پێنجەمین خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران دەستیپێکرد و بەرپرسێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئاماژە بەوەدەکات، ئەو هەڵبژاردنەی لە ئێران بەڕێوەدەچێت نە ئازادی هەیە و نە دیموکراتی.

زاگرۆس خوسرەوی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی رووداو رایگەیاند، هەڵبژاردن لە مێژووی سەد ساڵەی رابروودا بووەتە نەریتێکی ئاسایی بۆیە هیوادارم کە رۆژێک دانێت لە ئێران هەڵبژاردنێکی دروست و ئازادانە بەڕێوەبچێت و کورد لە ئێران بتوانێت بە ئازادانە دەنگی خۆی بدات و نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پێیوایە: "ئەوەی کە ئێستا هەیە حکومەت خۆی چوارچێوەیەکی بۆدیاریکردووە و بەڕێوەی دەبات وەک ئەوەی کە خۆی ئارەزووی هەیە، بۆیە ئەو هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ لە ئێران بەڕێوەدەچێت نە ئازادی تێدایە و نە دیموکراتی".

زاگرۆس خوسرەوی هەروەها گوتی" ئێمە داوامان نەکردووە خەڵک بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات و هاوکات نەشمانگوتووە کە بەشداریی نەکەن، ئەو بڕیارەشمان لەبەر ئەوە نەبووە کە ئەنجامەکەی بۆ ئێمە چی دەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئایە ئەنجامی هەڵبژاردن و بەشداریکردن و نەکردنیان چی بۆ کورد بە دەست دەهێنێت، بۆیە کورد هەمیشە بیر لەوە دەکاتەوە کە لە نێوان خراپ و خراپتر خراپترەکە هەڵنەبژێرن و ئەوان باش دەزانن کە ئەوانەی لە حکومەت و دەوڵەت کاریان کردووە خراپ کاریان کردووە و ئەوانیش هەڵیان نابژێرن".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد" کاتی ئەوە هاتووە کە خەڵک لە ئێران بەشداری لە هەڵبژاردنی ئازاد دا بکات و هاوکات رێگا چارەش هەن بۆ ئەوەی کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ئێران ئەنجامبدرێت، کە دەنگدان لە هەڵبژاردن بەشێکە لەو گۆڕانکاریانە".

زاگرۆس خوسرەوی گوتی: "رێگاکانی دیکەش بریتین لە کاری مەدەنی بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو گۆڕانکاریانە ئەنجامبدرێت و دەبێت لە ئێران شۆڕشی فەرهەنگی و کولتووری ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی بتواندرێت سیستەمی هەڵبژاردنێکی دروست و دیموکراتییانە بێتە کایەوە".