مەزهەر خالقی دوای چەندین ساڵ بێدەنگی دەشكێنێت

رووداو- هەولێر

بۆ یەكمجار هونەرمەند مەزهەر خالەقی لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی ئێران وتووێژ دەكات. خالقی لەو وتووێژەدا دەڵێت مۆسیقای كوردی پێگەیەكی گرنگی هەیە و بەهۆی زۆری هونەرمەندانی ژەنیار و گۆرانیبێژ  مۆسیقا لە كوردستان پێشكەوتووە.

هونەرمەند مەزهەر خالقی دوای 35 ساڵ بۆ یەكەمجار دەرگا لە میدیای حكومی ئێران دەكاتەوە و لەگەڵ بەشی پارێزگای سنەی ماڵپەڕی ئیرنای زمانحاڵی فەرمی حكومەتی ئێران وتووێژ دەكات. ئیرنا بەوجۆرە هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە "مەزهەر خالەقی، هونەرمەندێك دوای چەندین ساڵ بێدەنگی شكاند".

خالقی لەو وتووێژەدا دەڵێت كوردستان لەرووی موزیك، مێلۆدی و فۆلكلۆر پێگەیەكی گرنگی لە مۆسیقادا هەیە. هەبوونی هونەرمەندانی ژەنیار و گۆرانیبێژیش بەهۆكاری سەرەكی پێشكەوتنی مۆسیقا لە كوردستان دەزانێت.

خالەقی باس لە شانازیكردنی خۆی بە نەتەوە و نیشتمانەكەی دەكات و دەڵێت، كورد خاوەن كولتوورێكی دەوڵەمەندە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پلەیەكی تایبەتی هەیە. دەشڵێت نیشتمان و خەڵكی كوردستان بە وەفاترین و بە هەستترین خەڵكی جیهانن.

باس لەوەشدەكات، ئەو كاتەی سەرۆكی بەشی رادیۆی پارێزگای كرماشان بووە، گرنگی تایبەتی بە زاراوەی كەڵهوری داوە و تەنانەت دانیشتووانی باشووری كوردستان لە سنووری قەسری شیرن كەڵكیان لێوەرگرتووە.

مەزهەر خالقی ساڵی 1939 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. لە زانكۆی تاران بەشی فیزیای تەواو كردووە و دواتر چووەتە رێكخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حكومەتی ئێران. بۆ ماوەیەكیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی سنە و كرماشان بووە.

دوای شۆڕشی ئێران لەساڵی 1979 و هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران، خالقی نیشتمانیی دایكی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەك لە هەندەران و دواتریش گەڕاوەتە كوردستانی ئازادكراو. ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 250 ئاوازی فۆلكلۆری تۆماركراوی هەیە و ئێستا بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی كەلەپووری كوردە لە شاری سلێمانی و لە بوارەكانی هونەر، ئەدەبیات و فۆلكلۆر چالاكی دەكات.