نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ: بە رێز و پێزانینەوە یادی قوربانییانی ئەو قارەمانییە گەورەیە دەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەم بۆنەیەدا بە رێز و پێزانینەوە یادی قوربانییانی ئەو قارەمانییە گەورەیە دەکەینەوە."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-01-2023، بە بۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، پیرۆزبایی ئەو یادە لە "هەموو گەلی کوردستان" دەکات و دەڵێت، "گەلی کوردستان هیچ کاتێک هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆر لەیاد ناکات."
 
رۆژی 26-01-2015، کۆبانێ لە دەستی داعش رزگارکرا. کۆبانێ لە شەڕی دژی داعش وەکو سیمبولی یەکگرتنی کورد لێکدرایەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوای پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمان و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی رەوانەی کۆبانێ کرا و بەشداری لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا کرد.
 
هێزی پێشمەرگە چوونە باکووری کوردستان و لەوێشەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لەوەی کۆبانێ بە تەواوی نەکەوێتە دەستی داعش، پێکەوە لەگەڵ شەڕڤانان شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دژی چەکدارانی داعش کرد و شارەکەیان کۆنترۆڵکردەوە.

 

 
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ:
 
ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ لە هەموو گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم. لەم بۆنەیەدا بە رێز و پێزانینەوە یادی قوربانییانی ئەو قارەمانییە گەورەیە دەکەینەوە. سەری رێزیان بۆ دادەنەوێنین، گەلی کوردستان هیچ کاتێک هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆر لە یاد ناکات.