پۆلیسی هەڵەبجە لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقەکردن لە ماڵی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری دەکات
رووداو - هەولێر
کاژێر 09:30 خولەکی ئەمشەو یەکشەممە چەند گوللەیەک ئاراستەی ماڵی بەڕێوەبەری رۆشنبیریی هەڵەبجە کران. وەک خۆی دەڵێت، هیچ گرفتێکیان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نییە.
پەروێز نیازی، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 09:30 خولەکی ئەمشەو (26-01-2020) ئێمە لە ژوورەوە بووین، دەنگی ماتۆڕسکیلێک لە کۆڵانەکەوە هات و شەش فیشەکی بە گەراجی ماڵەکەوە نا کە زیاتر ئامانجی ئۆتۆمبێلەکە بووە، شەش فیشەکی دیکەشی بە پەنجەرەی ژووری میوانەکە کەوتوون. ئەمە جگەلە چەند شوێنێکی دیکەی خانووەکە کە ئاسەواری فیشەکی بەسەرەوەیە".
بەڕێوەبەری رۆشنبیریی هەڵەبجە دەڵێت، "ئاسایش و پۆلیس هاتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە، ئەو کامێرا چاودێریانەی کە هەیە کاری لەسەر دەکەن. هیوادارین بە زووترین کات تۆمەتباران دەستگیربکەن".
پەروێز نیازی دەشڵێت: "هیچ گرفتێکمان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نییە".
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە روونکردنەوەیەکدا رۆژی دووشەممە 27-1-2020 رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە کەیسەکە دەستپێکردووە و دۆسیەیان بۆ کردووەتەوە.