ئامانج رەحیم: هیچ رێککەوتنێک لە پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا نەکراوە

رووداو- داڤۆس

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا دەکات بۆ پرسی نەوت لەنێوان بەغدا و هەولێ و دەڵێت ، تاوەکو ئیستا لە قۆناخی گفتوگۆین و هیچ رێککەوتنێک واژۆنەکراوە. لەهەمانکاتدا دەڵێت ، لێکتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوان هەردوولا بۆ چارەسەری کێشەکان.


دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری لە داڤۆس کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ئەنجامدرا ، ئامانج رەحیم ، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ رووداو باسکرد و گوتی ، ئێوارەی چوارشەممە لە "کاژێر 17:30 خولەک کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی باڵای هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەنجامدرا. هەرچەندە کۆبوونەوەکە کورت بوو بەڵام گرنگی خۆی هەیە و ئەمە دووەمجارە لەدوای رووداوەکانی ئەمدواییانە هەردوو سەرۆکوەزیران پێکەوە کۆدەبنەوە".

ئامانج رەحیم رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێک کرابێت و گوتی: "لە کۆبوونەوەکە جەختکرایەوە لە بەردەوامبوونی ئەم کۆبوونەوانە و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ناکۆکییەکانی هەردوولا لەچوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت. هەروەها لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا لە کۆبوونەوەکە کارەکانیان بەرز هەڵسەنگێندرا. ئەگەرچی باسی هەموو پرسەکان کرا وەک مووچە ، نەوت ، سنوور و ناوچەجێناکۆکەکان، بەڵام هیچ رێککەوتنێک لە کۆبوونەوەکە واژۆ نەکراوە".

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی گفتوگۆکان لەسەر پرسی نەوت گوتی: "لەمیانەی ئەم کۆبوونەوەیە باسی نەوت و هەناردەکردنی نەوت کرا ، ئەو پرسە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ مووچە و بودجە و تاوەکو ئەو پرسە چارەسەر نەکرێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناکرێن. بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە دەستوورەوە ، کە پابەندیش بێت دەبێت ماف و شایستە داراییەکانی کە لە دەستووردا دانی پێدا نراوە  وەربگرێت. لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەهەموو ئەو پابەندییانەی کە دەستوور دەیخاتە ئەستۆی".

ئامانج رەحیم زیاتر گوتی: "بڕیارە ئەم پرسە بۆ ئەوەی وردبینی زیاتری تێدا بکرێت ، لیژنەیەکی تەکنیکی لەلایەن هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانەسرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێن، هەر دوای کۆبوونەوەکە لیژنەیەک دروستکرا کە پێکهاتووە لە وەزیری نەوتی عێراق ، بەڕێوەبەری نووسینگەی د.عەبادی و من وەک سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان".

لەبارەی کاری کۆمیتەکەوە ، ئامانج رەحیم گوتی: "ئەم کۆمیتە تەکنیکییە هەر هەمانشەو بۆ ماوەی سێ کاژێر لە کۆبوونەوەدا بووین و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەبوو لەنێوان هەردوولا ، گفتوگۆی چڕوپڕ کرا و چووینە نێو وردەکارییەکان، هەردوو حکومەت هاودەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو نەوتەی کە ئێستا بلۆککراوە بەتایبەتی ئاڤانا و بای حەسەن کە ئێستا نەوتەکەیان نە هەرێمی کوردستان سوودی لێوەردەگرێت و نە حکومەتی فیدراڵیش و، لەدوای رووداوەکانی 16-ی ئۆکتۆبەر هەردوو بیرە نەوتەکە داخراون کە بەرهەمی رۆژانەیان 250 بۆ 280 هەزار بەرمیل نەوتە ، هەردوو حکومەت پێویستییان بەوەیە کە ئەم نەوتە هەناردەبکرێت، بۆیە هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە هەرچی زووە هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان ، بەڵام هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە ئەم رێگەپێدانە دەبێت لەچوارچێوەی پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بێت. حکومەتی فیدراڵیش تێگەیشتنێکی باشی هەبوو کە ئەم پرسانە لە بەرژەوەندیی هەردوولا رێگەچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە".

پرسێکی دیکەی گرنگ بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کە وەک ئامانج رەحیم باسیکرد ، دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق ، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی ، شاندی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەم پرسەش تێگەیشتنی باشیان هەبوو ، کۆبوونەوەکانیش بەتایبەتی لەسەر نەوت بەدەوام دەبێت چ لە بەغدا بێت یان هەولێر تاوەکو ئەوکاتەی رێککەوتنی لەسەر دەکرێت. هەموو ئەم پرسانە لە قۆناخی گفتوگۆ و دانوستاندنە و هیچی نەگەیشتووەتە قۆناخی رێککەوتن و واژۆکردن.

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان