قایمقامی چەمچەماڵ: خەرجنەکردنی پارە بەردەوام بێت، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەوەستێت
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی شەش مانگە کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە، بەڵام قایمقامی شارەکە دەڵێت، "هیچ بڕە پارەیەک بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرج نەکراوە".
رەمەک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە، بەڵام پارەی بۆ خەرج نەکرێت کۆمپانیای جێبەجێکار ناتوانێت بەردەوام بێت و کارەکان رادەگرێت".
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، بە فەرمی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە پارە بۆ پڕۆژەکە خەرج بکرێت و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانە.
حوزەیرانی ئەم ساڵ بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
زیاتر لە 10 ساڵە قەزای چەمچەماڵ و بەشێک لە ناحیەکانی کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کێشەکە چارەسەر بێت.
پڕۆژەکە 26ـی حوزەیران نووسراوی کارکردنی بۆ کرا و لە 30ـی حوزەیرانەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و بڕیارە 26-06-2026 تەواو بێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەم ساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ دروستبوو و 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرایە ماڵان.