رووداو دیجیتاڵ
لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و پێنج پارێزگای تورکیا بەهۆی شەپۆلی بەفربارین و سەرما و سۆڵە، پشووی خوێندن راگەیێندرا. لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان رێگەی هەزار و 745 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی داخران.
ئەنجوومەنی پارێزگاکانی وان، قەرس، ئاگری، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، ئەرزینجان، چەولیگ و دێرسم لە باکووری کوردستان، بەهۆی بەفربارین و شەپۆلی سەرما و سۆڵە بۆ ماوەی یەک رۆژ پشووی خوێندن راگەیێندرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی کانوونی یەکەم، لەو هەشت پارێزگایەی باکووری کوردستان و لە پارێزگاکانی بایبورت، گیرەسوون، کارابوک، ئارتڤین و کاستامۆنوی تورکیا دەرگای قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان نەکرانەوە.
هەروەها کارمەندانی کەمئەندام و دووگیان و ئەوانەش کە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵە، ناچنە سەر کار و بە مۆڵەتی کارگێڕی بۆیان هەژمار دەکرێت.
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، دێرسم، ئەردەخان، وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس و مووش رێگەی هەزار و 745 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی داخران.
بەهۆی نالەباری کەش و هەوا و بەستنی رێگەکان، هۆشداری بە هاووڵاتییان دراوە بەتایبەتی شوفێرانی بارهەڵگر، نەچنە دەرەوە و رێگە سەرەکییەکان بەکارنەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ