چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردن لە هەولێر دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردن ICET 2024، ئەمڕۆ لە هەولێر دەستپێدەکات و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
شێروان شەرەفانی، بەڕێوەبەری رێکخستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردن رایدەگەیێنێت، نزیکەی 5000 کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراق و نزیکەی 60 وڵاتی جیهان ناویان تۆمار کردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە.
هەروەها ژمارەیەک مامۆستایش لە وڵاتانی جیهانەوە وەکو کەنەدا، بەریتانیا و هیندستان و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە، بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، دوێنێش سەردانی ژمارەیەک قوتابخانەیان کرد لە سنووری پارێزگای هەولێر.
بەڕێوەبەری رێکخستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردن، لە ماوەی هەواڵی نوورۆژ، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، تەوەری سەرەکیی کۆنفرانسەکە چۆنێتیی ئامادەکردنی پۆلێکی جیهانییە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان بۆ پۆلێکی لەم شێوەیە، قەبارەی پۆلەکەیە، کە بەراورد لەگەڵ جیهان قەبارەی پۆل لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان زۆرە.
روونە کە ژمارەی ستانداردی خوێندکاران لە پۆلێکدا 18 - 24 خوێندکارە، بەڵام له قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەندێک قوتابخانه 32 قوتابی له پۆلێکدا هەن و هەندێکجار زیاتریشه.
شێروان شەرەفانی رایدەگەیێنێت، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا یاداشتنامەیەک دەردەکەن و پێشکێشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەن.
سەبارەت بە رێژەی سوودوەرگرتن لە ئەنجامی کۆنفرانسەکانی پێشوو، شێروان شەرەفانی دەڵێت، سوودێکی زیاد وەرگیراوە و بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەو سوودە بە رێژەی 7%ـە.
بەڕێوەبەری رێکخستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردن بە پێویستی دەزانێت هەرێمی کوردستان سیستمی پەروەردەی تایبەتی خۆی هەبێت و دەڵێت، هیچ سیستمێک لە جیهاندا ناتوانرێت بە تەواوی لەگەڵ کوردستاندا بگونجێت، "بۆیە پێویستمان بە سیستمێکی پەروەردەی تایبەتە کە لەگەڵ دۆخ و کۆمەڵگەی کوردستاندا بگونجێت، بەڵام دەتوانین سوود لە هەندێک تایبەتمەندیی سیستمی جیهانی وەربگرین، بەتایبەت لە بواری تەکنەلۆژیادا."