یەکگرتوو دەستپێشخەرییەک بۆ ئەو حیزبانە پێشکێش دەکات کە دەیانەوێت ببنە ئۆپۆزیسیۆن
رووداو دیجیتاڵ
یەكگرتووی ئیسلامی دەسپێشخەرییەک دەخاتە بەردەم ئەو حیزبانەی دەیانەوێ لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئۆپۆزیسیۆن بن.
مەبەستیانە بەرەیەكی ئۆپۆزیسیۆنی پێكەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان دروست بکەن و پێكەوە بڕیار بدەن.
سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکەین بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی داهاتوو فیدراسیۆنی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنین کە لە سنووری 30 کورسییەک دەکات. ئەگەر بتوانین ئەمە دروست بکەین، بەشێوەێکی باشتر چاودێریی کاری حکومەت دەکەین و دەنگی ئۆپۆزیسیۆن کاریگەرتر بکەین.
نەوەی نوێ، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری، هەڵوێستی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان 30 کورسیی پەرلەمانیان بردووەتەوە.
خۆیان بۆ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن یەکلایی کردووەتەوە، بەڵام هێشتا لەسەر پێکەوەکارکردن رێکنەکەوتوون.
کاردۆ محەممەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "گۆڕان ئێستا لە خۆ رێکخستنەوە دایە. کە توانی پڕۆژەی خۆی بخاتەڕوو، لەم چوارچێوەیەدا مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و ئەو لایەنانەش دەکات کە باس لە ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان دەکەن. گۆڕانیش ناچێتە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن دەبێت."
لەنێو ئەم قەرەباڵخیەدا، سەدان رای جیاواز لەبارەی حکومڕانییەوە هەن.
سۆران عەبدوڵڵا، کاسبکارە و دەڵێت: "رای من ئۆپۆزسیۆن هەبێت یاخود نا هیچ لە باسەکە ناگۆڕێت و من دەتوانم بێ ئۆپۆزیسیۆن دەنگی خۆم بگەیێنم."
نوورەدین ئومێد، کاسبکارێکی دیکەیە و دەڵێت: "رای من ئۆپۆزسیۆن پێویستە و دەنگی من باشتر دەگات. ئەوە لە هەموو وڵاتێکیش هەیە و با لێرەش هەبێت."
سەلا سەفینیش کاسبکارە و ئاماژە بەوە دەکات: "حەزدەکەم ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و چالاک هەبێت. ئەوکاتە حکومەت باشتر کاروباری خەڵک رایی دەکات."
پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، هاوپەیمانی کوردستان 1 کورسی، 5 کورسی کۆتای پێکهاتەکان، یەکلایین بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنن، تاکە لایەن کە هێشتا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە بەرەی گەلە بە دوو کورسی.