حه‌ج و عومرەی هەرێمی کوردستان: بردنی عومرەکاران بۆ کەناراوەکانی جەدە قەدەخەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە رایگەیاند، ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمییان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی كوردستان وه‌رگرتووه، نابێت رێکلام و بانگەشە بۆ ئەوە بکەن کە عومرەکاران دەبەنە دەرەوەی مەککە و مەدینە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەندێک رێکلاممان بینی بۆ گەشتی عومرەکاران بۆ هەندێک شوێن، لەلایەن ئەو كۆمپانیانه‌ی كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمییان لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی وەرگرتبوو، کە ئەمەش رێگەپێدراو نییە، دەبێت ئەم گەشتانە تەنیا بۆ مەبەستی عومرە بێت."
 
کاروان ستوونی دەڵێت: "لەدوای ئەو رێکلامانە کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکە دەهاتن، داوایان دەکرد ئەوانیش رێگەیان پێبدرێت ئەو کارە بکەن، بۆیە له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و به‌ها پیرۆزه‌كانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و به‌لارێدا نه‌بردنی پرۆسه‌ی عومڕه‌ نابێت رێکلام و بانگەشە بۆ ئەو جۆرە گەشتانە بکرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە  رۆژی دووشەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری داوەتە ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمییان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکە وه‌رگرتووه، کە‌: "نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک گه‌شتی شاره‌كانی تائیف و تەبووک و كه‌ناراوه‌كانی جه‌ده‌ به‌ عومره‌كاران بكه‌ن."
 
کاروان ستوونی دەڵێت: "رێکلامکردن بۆ ئەو جۆرە گەشتانە قەدەخەیە، پێویستە عومرەکاران چوار رۆژ لە مەدینە و شەش رۆژ لە مەککە بمێنێتەوە، لەوە زیاتر ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و گه‌شتی عومرە‌."
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە  داوا لە سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومره‌ دەکات‌ خۆیان له‌و كاره‌ به‌ دووربگرن و هه‌ر كۆمپانیایه‌ك به‌و نیازه‌وه‌ كاربكات تووشی لێپێچینه‌وه‌ی  یاسایی و كارگێری ده‌بێته‌وه‌.
 
زیاتر لە 100 کۆمپانیا مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیان هەیە.