کارەبای پێنجوێن کرایەوە بە 24 کاژێری

رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی مانگێک لە کەمکردنەوەی کارەبای 24 کاژێری پێنجوێن بۆ 18 کاژێر، لێپرسراوی وێستگەکانی گواستنەوەی کارەبای قەزاکە دەڵێت، کێشەکەیان چارەسەر کرا و کارەبای 24 کاژێرییان بۆ گەڕایەوە. قایمقامی پێنجوێنیش دەڵێت، بە چەند مەرجێک کارەبا گەڕێندراوەتەوە کە یەکێکیان بەستنی پێوەری زیرەکە.
 
ئەمڕۆ (شەممە 25-11-2023)، جەمال سەعید، لێپرسراوی وێستگەکانی گواستنەوەی کارەبای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای نزیکەی مانگێک لە کەمکردنەوەی کارەبای پێنجوێن، کێشەکەمان بۆ چارەسەرکرا و کارەبای 24 کاژێری گەڕایەوە بۆ قەزاکە."
 
پێنجوێن تەنیا قەزایە لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە موەلیدەی تێدا نییە؛ لە رابردوودا چەند ساڵێک کارەبای لە ئێرانەوە بۆ هاوردە دەکرا، بەڵام لە نیسانی 2016ـەوە کارەبای ئێرانی نەماوە و لەسەر پشکی پارێزگای سلێمانی کارەبا وەردەگرێت. جەمال سەعید گوتی، "پشکی کارەبامان دیاری نەکراوە؛ شەوی رابردوو بەرزترین خواستی کارەبا لە پێنجوێن 37 مێگاوات بوو."
 
هەر ئەمڕۆ، زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە بڕیاری وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان کێشەی کارەبای پێنجوێن چارەسەرکراوە بە چەند مەرجێک.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم مەرجانە بۆ بەردەوامیی کارەبای 24 کاژێر دانراون:
 
1- سەرجەم ئەو زێدەڕۆییانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبای سنووری قەزای پێنجوێن، لاببرێن لەلایەن لیژنەیەک کە پێکهاتبن لە نوێنەری یەکە کارگێڕییەکانی سنووری قەزای پێنجوێن، هۆبەی چاکسازیی کارەبای پێنجوێن، یاریدەدەریێتی ئاسایشی پێنجوێن، بەشی پۆلیسی پێنجوێن. ئەو کەسەشی زێدەڕۆیی کردووە، بدرێتە دادگە.
 
2- لە قۆناخی کۆتایی بەستنی پێوەری زیرەک لە هەرێمی کوردستان، پێنجوێنیش پێوەری زیرەکی بۆ ببەسترێت کە پێوەرەکە (میکانیزمێکە، زامنی کارەبای 24 کاژێری دەکات لە سنووری قەزای پێنجوێن، بە شێوەیەکی یەکجاری و ریشەیی، کۆنترۆڵی زێدەڕۆیی سەر تۆڕەکانی کارەبا دەکات، هەروەها دوو مانگ جارێک پسووڵەی پارەی کارەبا بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویست دێتەوە، بگۆڕی کارەبای گەڕەکەکان لە سووتان دەپارێزێت).
 
23-11-2023 زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێنجوێن 24 کاژێر کارەبای هەبوو، بەڵام لە 26ـی مانگی رابردووەوە شەش کاژێر کارەبای نیشتمانیمان کەمکراوەتەوە. پرسیارمان لەبارەی هۆکارەکەی کردووە، کارەبای سلێمانی دەڵێت، بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە و بیانوویەکی دیکەش ئەوەیە؛ لە پێنجوێن پێوەری زیرەک نەبەستراوە."
 
12-02-2022، بەستنی پێوەری زیرەک گەیشتە پێنجوێن و هەر لە سەرەتاوە رووبەڕووی ناڕەزایی بووەوە و هاونیشتمانییانی ئەو قەزایە رەتیانکردەوە و رێگەیان نەدا پێوەریان بۆ ببەسترێت.
 
بەگوێرەی ئاماری قایمقامییەت، ژمارەی دانیشتووانی قەزای پێنجوێن کە سەر بە پارێزگای سلێمانییە، نزیکەی 57 هەزار کەسە.