دەروازەی پەروێزخان: هاتووچۆی گەشتیاری ئاسایی بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکدا دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەڵێت، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکەدا ئاسایی بووتەوە. سەرپەرشتیاری دەروازەکەش دەڵێت، چەند کاژێرێک هاتووچۆی گەشتیاری راگیرا و دواتر کێشەکە چارەسەرکرا.
رۆژی هەینی، 25-11-2022، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەکەمان هیچ کێشەیەکی نەبووە و بەردەوامە؛ ئەوەی هەبوو چەند کاژێرێک لەسەر داوای ئێران هاتووچۆی گەشتیاری راگیرا کە لە سیستمەکەیان گرفت درووستببوو، بەڵام دواتر چارەسەرکرا".
لە راگەیێندراوێکدا دەروازەکە رایگەیاندووە: "ئەو دەنگۆیانەی لە بەشێک لە سایت و پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە داخستنی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، سەرجەمیان دوورن لە راستییەوە. جموجووڵی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ئاساییە، بەڵام بەهۆی لەکارکەوتنی سیستمی هاتووچۆی گەشتیاری، کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەمڕۆ هەینی کاژێر 11:00 تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارە هاتووچۆی گەشتیاری راگیرا".
پێش بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیێندراوە، ئەمڕۆ هەینی، 25-11-2022، شەرمین عەلی، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەلایەن ئێرانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە "بەهۆی هەورە برووسکەوە سیستمی هاتووچۆکردنی گەشتیاران لەکارکەوتووە و تەنیا ئەمڕۆ گەشتیاران ناتوانن هاتووچۆ بکەن."