تورکیا شنگالی بۆردوومان کرد؛ 'سێ کەس شەهیدبوون'
رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا چەند جارێک شنگال و دەورووبەری بۆردوومان کردووە. فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە سنوورەکە دەڵێت: "سێ کەس شەهید بوون".
یەکەم بۆردوومان کاژێر 11:30ـی شەوی رابردوو لە دەورووبەری شنگال بووە. بەرپرسێک لە سنوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو هێرشەدا ژنێکی سڤیل بریندار بووە".
بۆردوومانەکان بە درۆن کراون. حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە سنووری شنگال ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆردوومانەکان تاوەکو کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەر نیو کاژێر جارێک بەردەوام بوو".
بە گوتەی حەیدەر شەشۆ: "ئەوەی دڵنیابووینەتەوە لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا سێ کەس کە سەر بە یەبەشە بوون شەهید بوونە".
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە سنووری شنگال ئاماژەی بەوەشکرد، گیانلەدەستدانی ئەو سێ کەسە لە نزیک ناوەندی شنگال و "لە بنکەیەکی یەبەشە بووە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا بە ئاسمانی کەمپی پەنابەرانی مەخمووردا سووڕاونەتەوە، بەڵام هیچ بۆردوومانێکیان نەکردووە.
هەر شەوی رابردوو، سوپای تورکیا جارێکی دیکە سنووری چەند گوند و شارێکی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد، بەهۆیانەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا و نۆ کەسی دیکە بریندار بوون، کە دووانیان منداڵ بوون.
هێرشەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێن، هەر دوێنێ و پێش ئەم هێشرشانە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بەرەبەیانی پێنجشەممە لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیدا بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان، 32 پێگەی پەکەکە و یەپەگەیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییە خۆجێیەکان، لە ئەنجامی ئەو زنجیرە هێرشەی دوێنێی تورکیادا، تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندبوو، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر قامشلۆ، دێرک، کۆبانێ، تلرەفعەت و منبج بووە.
دوای بۆردوومانەکەی تورکیا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ پاساو ناوچەکانمان بۆردوومان دەکات، ناوەندە خزمەتگوزاریی و تەندروستییەکان دەکاتە ئامانج، ئەمە تاوانی راستەقینەی جەنگە."
مەزڵووم عەبدی هەروەها دەڵێت: "ئێمە چەندینجار ئامادەیی خۆمان بۆ دیالۆگ نیشانداوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکانمان بۆ پاراستنی گەل و خاکمان ئامادەن."
پێشهاتەکان لەکاتێکدان، لە 1ـی ئەم مانگەوە پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا، هەوڵی زیندووکردنەوە یان دروستکردنی پرۆسەی ئاشتی دەدەن.
لەکاتێکدا پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بووەتە رۆژەڤ، 23-10-2024، دوو چەکدار هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن هێرشەکارەکان پەکەکە بوون و تاوەکو ئێستاش پەکەکە نە لەخۆی گرتووە، نە رەتیکردووەتەوە.