پێشبینی شەپۆلێکی بارانبارین دەکرێت؛ 'لە زۆربەی ناوچەکان پەڵە دەدات'

 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە بەررزبوونەوەی پلەی گەرما دەستپێدەکات. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 25-10-2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەی گەرما بەراورد بە دوێنی یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە. راشیگەیاند، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە.
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرچەند پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، بەڵام بە شەوان گۆڕانکاری ئەوتۆ روونادات و هەر هەست بە سەرما دەکرێت".
 
لەبارەی بارانبارینەوە شاڵاو هیدایەت گوتی: "کۆتایی ئەم مانگە و بەتایبەت سەرەتای مانگی داهاتوو، بارانی باش لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبارێت و لە زۆرینەی ناوچەکان پەڵە دەدات".
 
بارانی پەڵە بەو بارانە دەگوترێت، رێژەی پێویست ببارێت و بتوانێت هێندە خاک پاراو بکات گەنم و جۆی تێدا بچێندرێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 25°
سلێمانی: 22°
دهۆک: 25°
کەرکووک: 27°
هەڵەبجە: 24°
زاخۆ: 27°
حاجی ئۆمەران: 11°
سۆران: 22°
گەرمیان: 26°