وەرزی پێگەیشتنی هەناری هەڵەبجەیە و جووتیاران دڵخۆشن؛ 'ساڵ ساڵی هەنارە'
رووداو دیجیتاڵ
وەرزی پێگەیشتنی هەناری هەڵەبجەيە و ئەم ساڵ جووتیاران لە بەرهەمەکانیان رازین. کەیوان جووتیارێکی گەنجە، لە باوانیەوە باخە هەناری بۆ ماوەتەوە و کاری تێدا دەکات، دڵخۆشە بە جوانی و زۆریی بەرهەمەکەی و دەڵێت، ساڵ ساڵی هەنارە.
کەيوان محەممەد، جووتيارە و دەڵێت، "ئەم ساڵ بەرووبوومی هەنار هەر لەسەرەتای بەهارەوە دڵخۆش بووين، دارەکانمان گەشەی باش بووە و هەنارەکە رۆژ بە رۆژ جوانتر دەبێت، پشتيوان بەخوا ئەم ساڵ باشترين بەرووبووممان دەبێت، ساڵان باخەکان هەناری زۆری لێ خەسار دەبوو، ئەم ساڵ ئەوەش نييە، هەناری کرمۆڵمان نيیە، بەرهەمی زۆر باشی گرتووە سوپاس بۆ خوا."
بەگوتەی خاوەن باخێک، هەناری ئەم ساڵ پڕتر و ئاودارترە بەراورد بە پار. رێبوار فەتاح، جووتيار بە رووداوی گوت، "هەناری ئەم ساڵ رێژەيەکی زۆر باشە لەچاو ساڵان، چونکە ئەمساڵ شەختە و سەرما نەبوو، کەشوهەواکەی بۆ هەنار زۆر باش بوو."
بەڕێوەبەرايەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، هەناری هەڵەبجە رەوانەی شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقيش دەکرێت.
نەوزاد والی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە باس لەوە دەکات، "ئێمە ساڵانە بەرهەمی هەنارمان ناساندووە و پار نزیکەی 200 تۆن هەنارمان هەناردەی ئيمارات کردووە، ئەم ساڵيش بەهەمان شێوە بڕيارە بڕێکی زۆر هەنار هەناردە بکرێت، بەردەوام بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق هەنار هەناردە دەکرێت."