شەش کوردی ئێزدی رزگارکران


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی رایگەیاند، شەش رفێندراوی دیکەی کوردی ئێزدی رزگارکراون کە لە ساڵی 2014 داعش رفاندبوونی. 
 
رۆژی سێشەممە 25-10-2022، حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە رووداوی راگەیاند، شەش رفێندراوی دیکەی کوردی ئێزدی رزگارکراون کە لە ساڵی 2014 داعش لە شنگال و دەوروبەری رفاندبوونی. 
 
رزگارکراوەکان ئەمانەن 
 
1- سەوسەن حەسەن حەیدەر، لەدایکبووی 1998 لە شنگال.
2- رۆزا ئەمین بەرەکات، لەدایکبووی 2002 لە حەردان.
3- وەفا عەلی عەباس، لەدایکبووی 2001 لە کۆچۆ. 
4- مازن جردۆ خەلەف، لەدایکبووی 2007 لە وەردییە. 
5- روسیتا حەجی باجۆ، لەدایکبووی 2006 تەلقەسەب.
6- جانی زیاد حەیدەر، لەدایکبووی 2007 لە سۆلاخ. 
 
لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی رفاند و ژمارەیەکیشی لێ کوشتن، هەروەها بەشێک لە رفێندراوەکانیشی کوشت. بە گوتەی حوسێن قائیدی، کوژراوەکان لەنێو 82 گۆڕی بەکۆمەڵدان. 
 
تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن، کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیان پیاون. بەگوێرەی ئامارێکی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی، ژمارەی کوردانی ئێزدی نزیکەی 550 هەزار کەس دەبن، کە بەهۆی داعشەوە 360 هەزاریان ئاوارە بوون و 100 هەزاریشیان چوونەتە دەرەوە.