12 ساڵە رێگەی چۆمان - حاجی ئۆمەران تەواو نەکراوە


رووداو دیجیتاڵ

12 ساڵە کار بۆ بەدووسایدکردنی رێگەی نێوان چۆمان - حاجی ئۆمەران دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بستێکی رێگەکە قیرتاو نەکراوە. درێژیی رێگەکە تەنیا 17 کیلۆمەترە، بەڵام کەمتر لە دوو کیلۆمەتری ئامادەیە بۆ قیرتاوکردن.
 
رزگار گوانی، بەڵێندەرە لە پڕۆژەکە، بە رووداوی گوت، "قۆناخی ئێستا کە ئێمە کاری تێدا دەکەین، یەک کیلۆمەتر و نیوە، 10-15 رۆژی دیکە دەست بە قیرتاوکردنی دەکەین. ئەوەی دیکەی تاوەکو باران و سەرما رێگە بدات، ئامادەی دەکەین."
 
ساڵی 2011 بە گوژمەی 40 ملیار دینار پڕۆژەکە بە کۆمپانیایەکی رۆمانی درا، کاری بڕینی لە چەند شوێنێکی رێگەکە کرد و دواتر جێیهێشت، ساڵی 2013 بە زیادکردنی 12 ملیار دیناری دیکە بە کۆمپانیایەکی دیکە درا.
 
ناسر ساڵح، بەڕێوەبەری پڕۆژەی دووسایدی چۆمان - حاجی ئۆمەران باسی لەوە کرد، "جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور بارزانی بڕیاری داوە بە تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە، مانگانە نزیکەی 400 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکردووە کە بتواندرێت کارەکانی نەوەستێت تاوەکو تەواوکردنی."
 
بۆئەوەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا خێراتر بێت، ئەمساڵ کارەکان بە سێ کۆمپانیا سپێردراون. مانگانە حکومەت دەستهەقی کاری کۆمپانیاکان دەدات بۆئەوەی چیتر کارەکان لە پڕۆژەکە نەوەستێت.
 
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران گوتی، "بەشێوەیەکی چڕ لە مانگی هەشت دەست بە پڕۆژەکە کراوەتەوە و ئێستا قۆناخێکی باش چووەتە پێشەوە. بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەمساڵ دوو کیلۆمەتری رێگەکە قیرتاوبکرێت و ئەوەی دیکەی هەشت کیلۆمەتر وەک قۆناخی یەکەم دەمێنێتەوە، ئینشاڵڵا بۆ ساڵی دابێت هەمووی تەواو دەبێت."
 
رێگەکە نێودەوڵەتییە و هەردوو پارێزگاکانی هەولێر لە باشوور و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، رۆژانە نزیکەی هەزار بارهەڵگر بەسەریدا هاتووچۆ دەکەن. هەروەها هەزاران ئۆتۆمبێلی تایبەتیش رێگەکە بەکاردەهێنن.