قایمقامی شنگال: عێراق پلانێکی جیدی نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان

رووداو - رادیۆ

قایمقامی شنگال بەوەکالەت دەڵێت، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تاوەکو ئێستا پلان و بەرنامەیەکی رژدی نییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری. دەشڵێت، زۆرینەی گوندەکانی سنووری شنگال تاوەکو ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە و کۆمەڵگەی گرزەرگ لە سنووری شنگال تاوەکو ئێستا هیچ خێزانێکی بۆ نەگەڕاونەتەوە.
 
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بەوەکالەت بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە سنووری شنگال و ناحیەکانی دەورووبەری؛ گرعوزێر، سنوونێ، قەیروان و ناوەندی ناحیەی شنگال هەوڵی جیدی نەدراوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا بۆ سەر ماڵەکانیان.
 
قایمقامی شنگال گوتیشی، بەشێک لە گوندەکانی ناحیەی سنوونێ لە چاو ناحیە و ناوچەکانی دەورووبەری شنگال تاوەکو رادەیەکی باش ئاوەدان کراونەتەوە و خەڵک گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، بەڵام کۆمەڵگەی گرزەرگ تاوەکو ئێستا هیچ خێزانێک نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.
 
نایف سیدۆ گوتیشی، زۆرینەی دانیشتووانی گوندەکانی دەوربەری شنگال کە ئاوارەبوون لە کامپەکانی هەرێمی کوردستانن و هەروەک ناحیەی سنوونێ لەپێش هاتنی داعش، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 148 هەزاربوون، بەڵام ئێستا نزیکەی 190 هەزار دانیشتووانی هەیە و گەڕانەوەی ئاوارەکانیش لە سنووری سنوونێ نزیکەی 70٪ گەڕاونەتەوە کە زیاتر لە 100 هەزار کەس دەبێت.
 
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانی شنگال، نایف سیدۆ گوتیشی، تاوەکو ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هیچ بەرنامە و پلانێکی رژدی نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و ئەو ناوەندانەی کە دانراون بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانی سنووری شنگال و دەورووبەری بە ئەرکی خۆیان هەڵناسن و هاونیشتمانیان نیگەران کردووە.