خەسرۆ گۆران: پارتی و یەکێتی لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکووک و نەینەوا رێککەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی و یەکێتی لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن رێککەوتوون و لەبارەی بازنەکانی کەرکووک و نەینەواوە یەکهەڵوێست دەبن.
رۆژی شەممە 24-10-2020 پەرلەمانی عێراق بازنەکانی هەڵبژاردنی 16 پارێزگای جگە لە کەرکووک و موسڵ پەسندکرد.
رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای کەرکووک و نەینەوا کۆدەبێتەوە. ئارام بالەتەیی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی نێو پەرلەمانی عێراق رێککەوتووین رۆژی دووشەممەی داهاتوو دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا لە پەرلەمان یەکلاییبکرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێ.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا، بۆ ئەو مەبەستەش فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق یەکهەڵوێستیان دەبێت و وەکو ئەو گوتی" هەوڵدەدەن رێگریی لە ستەمکردن لە کوردی کەرکووک بکەن".
پەرلەمانی عێراق پێشتر پێشنیازی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی لە پارێزگاکان لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی کۆتای ئافرەتان لەو پارێزگایانە پەسەندکرد، بەو شێوەیە عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرێ، کە بازنەیەکیان بۆ کریستیانەکانە و لە ئاستی هەموو عێراقە بە هەرێمی کوردستانەوە.
ناکۆکی لایەنەکان لەسەر شێوازی دیاریکردنی سنووری بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بوو، کە بڕیارە لە 6ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 بەڕێوەبچێ، چونکە هەندێک جار وا پێویست دەکات، لە یەک بازنەدا چەند ناوچەیەک پێکەوەبن.
رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ماددەی 15ی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە، بەڵام دانیشتنەکەی بۆ سبەی دووشەممە دواخست. پەرلەمانتارێکی کورد لە گرووپی 15 پەرلەمانتارەکەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی نازانرێت ئاراستەکە بەرەوکوێ دەڕوات، زۆربەی پەرلەمانتارانی گرووپی 15 دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان بەجێهێشت.
د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆتایی دانیشتنەکەی پەرلەماندا دانیشتنی پەرلەمانمان بەجێهێشت: "پێمانوانییە بەشێوەیەکی بابەتی بازنەکان رێکبخرێن. بەهۆی ئەوەی دڵنیانین ئاراستەکە بەرەو کوێ دەڕوات، بۆیە نامانەوێت ببینە بەشێک لەو پرۆسەیە و هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانمان بەجێهێشت."
د. موسەننا ئەمین گوتی، لەگەڵ ئەوەدا بووین هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت و بازنەی بچووک دروستنەکریت.
هەریەک لە فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى بەجیا لە پەرلەمانى عێراق کاردەکەن، بەرەى سێیەم لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لەلایەن 15 پەرلەمانتارى شەش لایەنى کوردییەوە پێکهێندراوە.
گرووپی 15 پێکهاتووە لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هەرسێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە و پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و دوو پەرلەمانتارەکەی پێشووی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری. فراکسیۆنە بچووکەکان ترسیان هەیە بەهۆی ئەو فرە بازنەییەوە نەگەنە پەرلەمان.