بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک: پڕۆژەی ماسیی بەنداوی موسڵ ئەم ساڵ 1200 تۆن بەرهەمی دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی پڕۆژەی سامانی ماسیی بەنداوی موسڵ دەگاتە 1200 تۆن.
چوارشەممە، 25ی ئەیلوولی 2024 رێدیر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە پێکهاتووە لە سێ قۆناغ، قۆناغی یەکەم کە گەورەترین بەشی پڕۆژەکەیە لە ساڵی رابردووەوە تەواو بووە و تەنانەت بەرهەمیشی هەبووە، بەڵام دوو قۆناخەکەی دیکە کارکردن تێیاندا بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە".
رێدیر سدقی گوتی: "ئەم پڕۆژەیە توانای بەرهەمهێنانی هەزار و 1200 تۆن ماسیی هەیە، ئەگەر قۆناخەکانی دووەم و سێیەم کۆتایی بێت توانای بەرهەمهێنانیان دەگاتە 4500 تۆن ماسی".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک ئاماژەی بەوەدا پڕۆژەکە لەسەر بەنداوی موسڵ جێبەجێکراوە، کە هەر لەوێ پەنجە ماسی بەرهەم دەهێنێت، دواتر دەخرێنە نێو قەفەسەوە تاوەکو دەبنە بە دوو کیلۆ و ئینجا دەخرێنە بازاڕەوە.
بە گوتەی رێدیر سدقی ساڵی رابردوو بەرهەمی ئەم پڕۆژەیە نزیکەی 900 تۆن بووە، بەڵام ئەم ساڵ پێشبینی دەکەن بگاتە 1200 تۆن، تێچووی پڕۆژەکە نۆ ملیۆن دۆلارە، هەلی کاری بۆ زیاتر لە 100 کەس رەخساندووە.
لە هەرێمی کوردستان 4500 پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەن، بەڵام تەنیا 415یان مۆڵەتیان هەیە.
ئەم هەواڵە لەلایەن سۆلین حەمەدەمین ئامادەکراوە