دەرگای قوتابخانەکان کرایەوە و پێشوازی لە 1.65 ملیۆن قوتابی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی ساڵی خوێندنی 2024 – 2025ـە لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە ملیۆنێک و 650 هەزار قوتابی دەست بە خوێندن دەکەن.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن کراون و هەموو قوتابخانەکان بە گوێرەی پێویست کتێبیان پێدراوە.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەم ساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و 650 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا دەخوێنن.
ئەحمەد گەرمیانی گوتی، جگە لەو باڵەخانە نوێیانەی وەک قوتابخانە دروستکراون، نزیکەی 5700 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن.
وەزارەتی پەروەردە: 162 باڵەخانەی نوێ بۆ دروستکراون
بەگوێرەی داتای وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بۆ رووداو، لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا 1850 قوتابخانە و باخچەی منداڵان نۆژەنكراونەتەوە و 162 باڵەخانەی نوێش دروستكراون.
باڵەخانەكان زۆرینەیان لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكراون كە 62 باڵەخانەن، هەروەها لەسەر ئەركی خێرخوازان 50 باڵەخانە، وەربەرهێنان 26 باڵەخانە و لەسەر ئەركی رێكخراوەكانیش 24 باڵەخانە دروستكراون.
بە باڵەخانە نوێیەکان و زیادکردنی ژوورەکانەوە، بەراورد بە پار، ئەم ساڵ شوێنی 100 هەزار قوتابی زیاتر ئامادە کراوە، ئەوەش بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
13ـی ئەیلوولی 2023، ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، ملیۆنێک و 633 هەزار و 125 قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا لەو ساڵەدا خوێندوویانە.