گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا: خوێندکارانی قۆناخی یەکەمی زانکۆکان 1ـی ئۆکتۆبەر دەست بە دەوام دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، دەبێت لە ئەمڕۆوە خوێندکارانی قۆناخی یەکەمی زانکۆکان مامەڵەکانیان دەستپێبکەن و پەیوەندی بە بەشەکانیانەوە بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەم ساڵ خوێندکاران دەرماڵەیان پێ دەدرێت". 
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "ئەم ساڵ نزیکەی 43 هەزار دەرچووی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان ناویان گەڕاوەتەوە. ئەوانەی ناویان هاتووەتەوە لە ئەمڕۆ دووشەممە 25-9-2023ـەوە دەتوانن پەیوەندی بە کۆلێژ و بەشەکانیانەوە بکەن تاوەکو مامەڵە و رێکارەکانیان دەستپێبکات"؛ گوتیشی، "وەزارەت ئاسانکاریی زۆری کردووە تاوەکو بە زووترین کات خوێندکاران بتوانن دەستبەکاربن". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، 1ـی ئۆکتۆبەر خوێندن بۆ خوێندکارانی قۆناخی یەک دەستپێدەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم ساڵ خوێندن بۆ قۆناخی یەکەم دواناکەوێت و هاوشانی قۆناخەکانی دیکە دەبێت؛ بۆیە دەبێت ئەم هەفتەیە ئەو خوێندکارانەی ناویان هاتووەتەوە، مامەڵەکانیان بکەن و تاوەکو ئەو کاتە دەست بە دەوام بکەن". 
 
رۆژی یەکشەممە 24-9-2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی زانکۆلاینی راگەیاند و نزیکەی 43 هەزار دەرچووی پۆلی 12 ناویان گەڕاوەتەوە، بەڵام نزیکەی هەزار و 200 کەس ناویان نەگەڕاوەتەوە. لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی ناوی ئەو خوێندکارانە، عەباس ئەکرەم دەڵێت، "هەموو هۆکاری نەگەڕانەوەی ناوی ئەو خوێندکارانە بۆ هەڵەپڕکردنەوە ناگەڕێنینەوە، بەڵام ئەم ساڵیش هەندێک گرفت هەبوون و هەڵەپڕکردنەوەی فۆرمەکە یەکێک لە هۆکارەکانە؛ هەروەها خوێندکاران بە تەواوی مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ناخوێننەوە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا".  
 
لەنێو سیستمی زانکۆلاین بەشێک کارا کراوە بۆ سکاڵای خوێندکاران. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "هەموو خوێندکاران یوزەرنەیم و پاسوێردی خۆیان هەیە و دەتوانن سکاڵاکانیان بگەیەنن، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە لە زانکۆ و پەیمانگەکان بخوێنن بەپێی کۆنمرەکانیان، چونکە 21 هەزار کورسی بەتاڵمان ماوەتەوە و دەتوانن لێی سوودمەند بن". 
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بۆدەکات، وەزارەتەکەیان هەژماری تایبەتی زانکۆلاینی بۆ دەرچووانی ساڵانی رابردووش دروستکردووە، کە ناویان نەگەڕاوەتەوە لە زانکۆ و پەیمانگەکان و دەڵێت، "ئەوانیش مافیان دەستەبەرکراوە تاوەکو بتوانن سوودمەندبن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەگوێرەی کۆنمرەیان". 
 
بەگوێرەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، خوێندکاران دوای گەڕانەوەی ناوەکانیشیان، بەگوێرەی کۆنمرە دەتوانن بەشەکانیان بگۆڕن. لەبارەی رێکارەکانەوە، عەباس ئەکرەم دەڵێت، "قوتابی دەتوانێت دوای دەستبەکاربوونی لەو بەشەی ناوی گەڕاوەتەوە، فۆرمی دابەزین بۆ بەشێکی دیکە وەربگرێت و دابەزین بکات لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی نزمتر". 
 
ساڵانە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بڕێک پاڵپشتیی داراییان وەک دەرماڵە پێ دەدرا، بەڵام دوای قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان دەرماڵە وەستا و لە دوو ساڵی رابردوودا جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە، هەرچەندە ئەوەی ساڵی رابردوو بەشێکی دابەشنەکراوە. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا موژدەی ئەوە دەداتە خوێندکاران کە "ئەم ساڵیش پێدانی پاڵپشتی دارایی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەبێت". 
 
لەبارەی خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانی مادەی 140، گلەیی ئەوە کراوە کە لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەکان ناویان نەگەڕاوەتەوە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەخت دەکاتەوە کە ئەوانیش سوودمەند دەبن و دەڵێت، "چەند رۆژی رابردوو فۆرمیان بەسەردا دابەشکراوە و لە داهاتوودا ناوەکانیان دەگەڕێتەوە و سوودمەند دەبن، بە هەمان مەرج و پێوەر و رێنوێنییەکانی خوێندکارانی نێو هەرێمی کوردستان". 
 
ماوەیەکە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان و چالاکییەکاندا دەرناکەوێت، دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە نیگەران بێت. عەباس ئەکرەم دەڵێت، "وەزیری خوێندنی باڵا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی لە دەرەوەی وڵاتە و هیچ کێشەیەکی دیکە لەئارادا نییە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەگەڕێتەوە و لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەست بەکارەکانی دەکاتەوە".