بەغدا پلانێک لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داخستنى کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەگەڵ رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووکان تاوتوێى نەخشەڕێگەیەک دەکات بۆ داخستنى کەمپى ئاوارەکان لە هەرێمى کوردستان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدى خۆیان.
عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەگەڵ رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووکان سەرقاڵى تاوتوێکردنى نەخشە رێگەیەکن بۆ پاڵپشتیکردنیان لە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان و داخستنى کەمپى ئاوارەکان لە هەرێمى کوردستان.
عەلى جیهانگیر گوتى "نەخشەڕێگەکە تایبەتە بە پاڵپشتیکردنى ئەو ئاوارانەى دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان و، ئاسانکارى بۆ گەڕاندنەوەیان و لەدواى تەواوبوونى گفتوگۆکان نەخشەڕێگەکە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە."
لە سنوورى هەرێمى کوردستان 15 کەمپى ئاوارە هەن، شەشیان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانى و پێنجەکەى دیکە لە دهۆکن، کە نزیکەى 600 هەزار ئاوارەیان تێدان.
بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، ئەو نەخشەڕێگەیە دەبێتە هەنگاوى تەواوکارى پلانى وەزارەتەکەى بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکان و یەکخستنى کەمپەکانى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و داخستنیان.
30ـی کانوونى یەکەمى 2022 ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەى کارنامەى حکومەت لەماوەى شەش مانگدا دۆسیەى ئاوارەکان لە عێراق دادەخەن، بەڵام نزیکەى نۆ مانگ بەسەر ئەوادەیەدا تێپەڕبووە و هێشتا ئەو پرسە یەکلانەبووەتەوە.