ئەنفالی بادینان؛ 'تاوەکو گیانیان دەرچوو بە بەرد و بلۆک ئەشکەنجەدران'


رووداو دیجیتاڵ 

35 ساڵە چاوەکانی چاوەڕوانی کەسوکارە ئەنفالبووەکانیەتی، عەزیزە جەرجیز تەمەنی 73 ساڵە. ئەنفال هاوژین و کوڕێکی لێ سەندووە.
 
ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی چوونە سەر ماڵیان، ئەو ژوورانەی چەند رۆژێک بە چاوی خۆی ئەشکەنجەدانی کوڕ و هاوژینەکەی تێدا دیوە، لەبیرنەکراون. هێشتاش بێ هیوا نییە لە چاوپێکەوتنەوەیان.
 
عەزیزە دەڵێت، "بێ هیوا نەبووین، بە ساخی لای ئێمە بردنیان و ئەوە چەندین ساڵە ئێمە نەمان بینیون. بەچی بزانین زیندوو نین، نە جلکێک نە رووفاتێک بۆ ئێمە نەهاتووەتەوە تا بڵێین مردوون."
 
لە قەڵای نزارکێ لە دهۆک، سێ رۆژ دوای دەستپێکردنی ئەنفالی بادینان، هەزاران کەس بۆ گولـلەبارانکردن و ئەشکەنجەدان کۆکرانەوە.
 
سەلام زێوەیی، رزگاربوویەکی ئەنفالە، سەرتاپای رەش جگە لە مووەکانی کە بە تەمەنی کەم بۆ سێ برا و باوکە ئەنفالکراوەکەی سپی بوون. ئەو شاهیدی گولـلەبارانکردن و ئەشکەنجەدانەکەیە. 13 کەس لەژێر ئەشکەنجەدا شەهیدبوون و لە تەنیشت قەڵاکە نێژراون.
 
سەلام بە رووداوی گوت، "هەموو ئەوانە بە دار و بەرد و بلۆک شەهیدکران، تاوەکو گیانیان دەرچوو ئەشکەنجەدران، خوێنی ئەوان بە دار و دیوارەوە بوو. من بینیم دوای ئەوە هەموویان بردن و نەیان هێنانەوە."
 
دوای وەستانی شەڕی عێراق - ئێران، دوایین قۆناخی تاوانی ئەنفال لە 25ـی ئابی 1988 لە بادینان دەستیپێکرد، ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێی گرتەوە. بەپێی ئاماری دەزگای ئەنفالی بادینان، لە ماوەی 11 رۆژدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئەنفالکران. نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەربوون. 663 گوند بەر ئەنفال کەوتن، لەوانە: 40 گوندی کریستیاننشین، 81 گوندی کوردانی ئێزدی. 79 گوند کیمیابارانکران و ئەوانەی کیمیایی کاریگەری لەسەر هەبوون، زووتر پیر و پەککەوتەی کردن.
 
ئاقار قەهار، کەسوکاری ئەنفالە، دەڵێت: "تاوەکو ئەو دەقەیە حکومەتی عێراق دانی نەناوە بە تاوانی ئەنفالی ئێمەدا. داوای لێبووردنێک قەرەبووکردنەوەیەک هیچ شتێک نەکراوە."
 
رەشبگیری و کاولکاری، جیاوازیی نەکردووە لەنێوان پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان و سووتاندنی کەنیسە و مزگەوت و پەرستگە.
 
هەیسەم پترۆ، کەسوکاری ئەنفالە، دەڵێت: "من کوڕی دهۆکم. ناتواندرێت بە تۆبزی من بکەیتە عەرەب، حکومەت ئەو بڕیارەی دابوو دەبێت ئێمە بڵێین عەرەبین و ئەگەر نەمان گوتبا ئەوە چارەنووسمان بوو."
 
لە هەموو دەڤەری بادینان، چایخانەیەک هەیە کە مۆرکێکی ئەنفالی پێوە دیاربێت، رۆژانە کەسوکاری ئەنفالکراوان تێیدا کۆدەبنەوە، گازندەیان زۆرە، بە هەموویشیان تابلۆی قوربانییانی ئەنفالیان دروستکردووە.
 
عەلی ئەنفال، کەسوکاری ئەنفالکراوانە، دەڵێت "با حکومەتی هەرێمی کوردستان رووفاتی ئەنفالکراوان بۆ ئێمە بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی کەسوکاری قوربانییان وەک دەڤەرەکانی دیکە سەری خۆیان بخەنە سەر گۆڕ و کێلەکانیان، ئەوانەی لە دهۆک ئەنفالکران جیاوازییان چی بوو لەگەڵ ئەنفالی بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە، ئەوانەش مرۆڤن و شۆڕشیان بۆ گەل کردووە، تەنیا گوناهیان ئەوە بووە."
 
جیاوازی ئەنفالی ئەو دەڤەرە لە گەڵ دەڤەرەکانی دیکەی ئەنفالکراو ئەوە بوو کە حکومەتی بەعسی عێراق بە ئەسپایی کۆمەڵکوژی لە بادینان ئەنجام دا، دەڤەرەکە سەر سنوورێکی نێودەوڵەتی بوو، هاوسنوور لەگەڵ تورکیا، بەعس ترسی هەبوو وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەڤانان بە تاوانەکەی بزانن.