لە ناحیەی باتیفا لەسەر 'میرات' برایەک خوشکەکەی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیە باتیفا لە سنووری قەزای زاخۆ سەر بە پارێزگای دهۆک برایەک خوشکە 45 ساڵانەکەی بە چوار گوللـە دەکوژێت و پۆلیسی قەزاکەش بە پشتبەستن بە گوتەی کەسوکارەکەی و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیان دەستپێکردووە و ئاماژە بەوە دەدەن، رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و "پەیوەندیی بە میراتەوە" هەبووە.
یوسف مووسا، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 25-08-2021، لە ناحیەی باتیفا لە سنووری قەزای زاخۆ ژنێکی تەمەن 45 ساڵ لەبەر دەرگەی ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت، بە گوتەی پۆلیسی قەزاکە شوێنەواری چوار گوللـە بە جەستەی ئەو ژنەوە دیارە.
سەبارەت بە وردەکاریی رووداوەکە و هۆکارەکەی، نەشهەت سەلمان، گوتەبێژی پۆلیسی قەزای زاخۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش کاژێرێک لەلایەن بنکەی پۆلیسی باتیفا لە رووداوێکی کوشتن ئاگادارکراینەوە، دەستبەجێ ئەفسەر و تیمی لێکۆڵینەوەی تاوان چوونە شوێنی مەبەست، دەرکەوت ژنێکی تەمەن 45 ساڵ کە خەڵکی ناحیەی باتیفایە کوژراوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و وەرگرتنی گوتەی کەسوکاری ئەو ژنە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن براکەیەوە کوژراوە".
بە گوتەی نەشهەت سەلمان، "پێشتر ئەو ژنە سکاڵای لەسەر ئەو برایەی تۆمارکردووە لەسەر بابەتی میرات و مامەڵەی پارە و مووچە و ئەو بابەتانە".
گوتەبێژی پۆلیسی قەزای زاخۆ ئاماژە بەوە دەدات، "تەرمی ئەو ژنە رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە، پاشان رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک دەکرێت بۆ ئەوەی پشکنینی زیاتر لەسەر تەرمەکەی بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی راستی رووداوەکە و چۆنێتیی کوشتنەکەی. ئەوەی بۆ ئێمە دەرکەوتووە ئەوەیە کە ژنەکە بە چوار گوللـەی دەمانچە کوژراوە، گوللـەکان بە شوێنی جیا جیای سنگی کەوتووە، ئێمەش بە پشتبەستن بە راپۆرتی پزیشکی داد لە دهۆک لێکۆڵینەوەکانمان دەکەین".
نەشهەت سەلمان ئاماژە بەوەش دەدات هەر لەسەر ئەو کەیسە "دادوەری لێکۆڵینەوە ئاگادارکراوەتەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری ئەو تاوانە دەرکراوە، چونکە لە دوای رووداوەکە رایکردووە و تاوەکو ئێستا خۆی رادەستی پۆلیس نەکردووە".