وردەکاریی ونبوون و دۆزینەوەی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە
رووداو - هەڵەبجە
دوو هاونیشتمانی کە سێ رۆژە سۆراخی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە دەکەن، یەکەم دیمەنی بینینەوەی دەگێڕنەوە، ئەوان دەڵێن "کاک خدر گوتی لێڵاییم داهات قومێ ئاوم فریاخەن".
وەرزێر محەممەد یەکێکە لە شایەتحاڵەکان و دەڵێت "لەگەڵ کاک مەگروون لە بازاڕەوە هاتین بۆ ئەم شاخە، تارماییەکمان بینى، کاک خدر بوو، داواى ئاوى کرد، بردمانەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام زۆر بێهێز و هیلاک بوو".
هێشتا کەسوکارەکەى رازی نین وێنەى بگیرێت؛ تاوەکو ئێستا ئەوەی وەکو گومانی مەزن لەو رووداوەدا خۆی مەڵاسداوە، ئەوەیە کە خدر کەریم بۆچی مۆبایل و ئۆتۆمبێلەکەی لەگەڵ خۆی نەبرد و نەشیگوت بۆ کوێ دەچێت؟ هەر ئەمەش چنگکەوتنی سەرەداوێکی بۆ پۆلیس دژوار کردبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، چەند رۆژێک بووە ناوبراو جۆرێک لە خەمۆکى و راڕایى پێوە دیاربووە و ناوبەناو ویستوویەتى خۆى کەنارگیر و تەنیا بکات.
سەربەست کەریم، براى خدر کەریم دەڵێت "خدرى برام لە مردنێکى حەتمى رزگارکرا، سوپاس بۆ کەسوکارى خۆمان و گلەییشمان لە حکومەتى خۆجێیى هەیە کە وەکو پێویست نەبوون بۆى".
ساڵی 2015 بە تۆمەتی بەهەدەردانی زەویی نیشتەجێبوون و ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دۆسیەیەکی دژی خدر کەریم جوڵاند و درایە دادگا، کە تاوەکو ئێستاش ئەو پەڕاوە یاساییە هەر ماوە.
نوخشە ناسیح، قایمقامى هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد "کاک خدر جارێ پێویستى بە پشووە و دواتر لێی دەپرسین کە بۆ ونبووە، بەڵام پەیوەندیی بە دۆسیە و شتەکانیەوە نییە کە ئەوانە هەمووى لە دادگا هەیە".
پرۆفایلی خدر کەریم محەممەد:
ساڵی 1956 لە باوەکۆچەک لە هەڵەبجە لەدایکبووە
ساڵی 2005 تاوەکو 2015 سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە
لەساڵی 2008 وە جێگری سەرۆکی شارەوانییەکانی جیهانە بۆ ئاشتی
دوو کوڕ و دوو کچی هەیە
ئەم بابەتە هاوکاتە لەگەڵ خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژ پێشتری هەڵەبجە و سووتاندنی بەڵگەنامەکانی شارەوانی، بەڵام هێشتا ئەم رووداوەی خدر کەریم، تەمێکە ئاسمانی هەڵەبجەی داپۆشیوە.